لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێردا، پڕۆژەى ئاوەڕۆى سندووقى شەقامی 30مەترى بۆ 60مەتری بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
ئەو پرۆژەیە، پڕۆژەیەکى گەورەیە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی دەكات و ئێستاش بەشێكی پرۆژەكە لەسەر شەقامی 60مەتری تەواو كراوە و كاری بەشەكەى دیكەش لە شەقامى 30مەترى تەواو دەكرێت.
ئەم پرۆژەیە پێكهاتووە لە دروستكردنی ئاوەڕۆیەكی سندووقی بە درێژایی 1200مەتر لەسەر شەقامی 30 مەتری لە نزیك باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە تا شەقامی 60مەتری نزیك سایلۆ درێژ دەبێتەوە.
بە تەواوبووی كۆی بەشەكانی پرۆژەكە، گرفتی کۆبوونەوەی ئاوی باران لە شەقامی 30مەتری نامێنێت و گوشاریش لەسەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆی سنوورەكە چارەسەر دەکات، هاوكات سیستەمی ئاوەڕۆی سەنتەری شاری هەولێر لەم زۆنەدا پێشوەچوونێكی زۆر باش بەخۆیەوە دەبینێت، جگە لەم پرۆژەیە ئێستا چەند پرۆژەیەكی دیكەی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان.