سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچیان لە هەرێمی کوردستان لە زاخۆ دانرا و دەشڵێ: “لە هەموو ناوچەکان یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکەین و بەسەر خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشیندا دابەشیان دەکەین”.
دکتۆر محەمەد شوکری، لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچیان لە هەرێمی کوردستان، کە لە زاخۆ دانرا، گوتی: “قۆناغی یەکەمی راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین، کە دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و لە زاخۆ قۆناغی یەکەم دەست پێدەکەین، هەروەها لە ناوچەکانی دیکەش لە دهۆک و هەولێر و سۆران و سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەش دەست پێدەکەین بە زووترین کات و راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە، کە زۆربەی خەڵکی کەمدەرامەت سوود لە یەکەکانی نیشتەجێبوون وەربگرن، بۆیە نەک تەنها 20هەزار، بەڵکو دروستکردنیان بەردەوام دەبێت بە کوالیتییەکی باش و نرخێکی کەم، کە هیچی لەوانە کەمتر نەبێت کە بە نرخی زۆر دروست دەکرێن”.
شوکری گوتیشی: “لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە پرۆسەکە دەکەین و ئەو شوققانەی کە تەواویش نەکراون، ئەوانیش تەواو دەکرێن و بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین دەکرێت و بەسەر خەڵکی کەمدرامەت و کرێنشیندا دابەش دەکرێن، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت هەموو ئاسانکارییەک بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین و لیژنەیەکی باڵاش دروست کراوە لە چەندین وەزارەت و سەرپەرشتیی دروستکردنیان دەکات، کە بە جۆرێک دروست بکرێن بە کوالیتییەکی باش کە خەڵک بتوانن بە ئاسوودەیی تێیاندا بژین”.
دەشڵێ: “داواکارین ناوچەکانی دیکەش زەوی بۆ یەکەی نیشتەجێبوون دیاری بکەن، بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەکان بکەین و لە یەک کاتدا جێبەجێ بکرێن، بۆیە پڕۆژەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین”.
پشکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، بریتییە لە 862 یەکە و بڕیارە دوای تەواوبوونیان بەسەر خەڵکی کەمدرامەت و کرێنشیندا دابەش بکرێن.