سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

حەوتەمین فیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ دەستی بە چالاکییە شانۆییەکانی کرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی و ١٥ نمایشی شانۆیی جیاواز دەستی بەکارەکانی کرد.

بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر – بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ لە پایتەحت ئەو فیستیڤاڵە ساز دەکات و تیایدا چەندین نمایشی وڵاتانی جیهانی و عەرەبی پێشکەش دەکرێن و هەولێریش بە پێنج شانۆگەریی تایبەت فیستیڤاڵەکە دەڕازێنێتەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی خولی نوێی فیستیڤاڵەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و نیاز نوری، سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد و بیانی تێیدا ئامادەبوون و لە دوای پێشکەش کردنی زنجیرەیەک وتاری تایبەتی سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵ و نوێنەری سەرۆکی حکوومەت، خەڵاتی زێڕینی شانۆ بەخشرایە هونەرمەندی گەورەی شانۆکار (سەباح عەبدولڕەحمان).

پایتەخت ٧ ڕۆژ شانۆ جیهانییەکان لە ئامێز دەگرێت
لە دەسپێکی فیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ، (هیوا سوعاد یونس) سەرۆکی فیستیڤاڵەکە لە وتارێکی دا ئاماژەی بۆ خولە جیاوازەکانی ئەو فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیە کرد، کە هەمیشە هەولێر و شانۆ لە ئەوینداری دا بەردەوام بوونە و شانۆی هەولێریش بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە و هەرگیز لەو شارەشدا شانۆ دڵی لە لێدان ناکەوێت و لە ماوەی ئەم ٧ ڕۆژەی فیستیڤاڵیشدا هەولێر سیمایەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێت و جارێکی تر هونەرمەندان داهێنانی خۆیان لەو بوارە پێشکەش دەکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامی پیرۆزبایی گەیاندە شانۆکارانی هەولێر
(ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، کە بە نوینەرایەتی بەڕێز (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ڕێوڕەسمی کردنەوەی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ بوو، پەیامی پیرۆزبایی گەیاندە هونەرمەندانی شانۆکار و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە سەرۆکی حکومەت هەمیشە بە تامەزرۆییەوە دەڕوانێتە داهێنانی هونەرمەندانی شانۆکار و خەبات و تێکۆشانیان لەسەر سەکۆی شانۆدا وەک پێشمەرگە ئاسایەک وەسف دەکات و ڕێزگرتنیش لە هونەرەکەیان بە ئەرکێکی حکومەت دەزانێت و بڕیاریشی داوە لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوه درێغی نەکرێت لە چالاکییە ڕەنگاوڕەنگەکانی هونەر، بەتایبەت لە بواری شانۆدا، کە هەولێر بە دایکی شانۆی کوردی هەژمار دەکرێت، بۆیە دەستی شانۆکاری دەگوشین و ئامادەین لە هەموو بارودۆخێکدا پاڵپشت و پشتیوانی کار و پڕۆژەی هونەرمەندان بین.

شانۆ کۆکەرەوەی هونەرەکانە!
لە چوارچێوەی پێشکەش کردنی زنجیرە وتارەکاندا (د. سالار عوسمان) بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ڕابردووی شانۆی کوردی و هەولێر بە تایبەتی کرد، کە لە سەردەمی شاخ و سەردەمی نوێدا شانۆکاران بەوپەڕی لەخۆبووردەیی و وێڕای کەموکوڕیی و ئاستەنگەکان هەر پێشەنگ بوونە لەداهێنان لە کاری شانۆیی دا، هەرگیز نەیانتوانیووە بەرامبەر پرسە نیشتمانیەکان بێدەنگ بن و بەردەوام شانۆی هەولێر لە نوێبوونەوەدابووە و هەمیشەش لەم شارەدا شانۆ زیندووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو هونەرە باڵاتر دەبێت.
گوتیشی: ئەوەی هونەری شانۆ لە هونەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە شانۆ کۆکەرەوەی تەواوی هونەرەکانی موزیک و هێلکاری و ڕەنگە جیاوازەکان لە ئامێز دەگرێت بەبێدەنگیش تێکەڵ بە ڕوحی بینەر دەبێت، بۆیە دەکرێت زیاتر گرنگی بەو هونەرە بدەین و دەستی هونەرمەندانی کورد بگرین بۆ بەردەوامیان لە داهێنانی شانۆیی دا.

سەباح عەبدولڕەحمان ماندوویەتی لەسەر سەکۆی شانۆدا حەسایەوە!

هونەرمەندی گەورە (سەباح عەبدولڕەحمان)، کە ٦١ ساڵە لەسەر تەختی شانۆ دەبینرێت و تا بە ئەمڕۆش دەگات سەرمەشقی داهێنانە لە نووسینی دەقی شانۆیی و دەرهێناندا، دوێنێ وەک سیمبولی شانۆی کوردی و هەولێر خەڵاتی زێڕینی شانۆی پێ بەخشرا.
لەسەر سەکۆی هونەرەکەشیدا بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە ئاماژەی بۆ تەمەنی پڕ لە بەخششی خۆی کرد وەک هونەرمەندێکی شانۆکار و دەرهێنەرێکی بەشداربوو لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، کە بە بەرهەمێکی نوێ بەشدارە و چەپکە گوڵی خۆشەویستی وڕێزلێنانی هونەرمەندان و پارێزگاری هەولێری پێبەخشرا و لە لێدوانێکیش بۆ (هەولێر) گوتی: ماندووبوونی زیاتر لە نیو سەدەم حەسایەوە و تا ئەو ڕۆژەی دەمرم لەسەر تەختی شانۆدا دەمێنمەوە.