پێگە‌ی ئافرە‌ت لە‌ بوارە‌ سیاسی و ئیداری و كۆمە‌ڵایە‌تیە‌كاندا

شیلان فەرەج

لە سەرەتای سەرهەڵدانی سیاسەت و حوکمڕانییەوە، ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە ئەگەرچی ئەو ڕۆڵە لە پشتی پەردەشەوە بووبێت؛ هیچ ڕووداوێکی سیاسی، ئیداری، کۆمەڵایەتی نییە لەپشتییەوە ئافرەتێکیان چەند ئافرەتێک (هاوسەر، دایک، خوشک، کچ) ڕۆڵی گرنگیان نەبوبێت، بۆیە ڕاست نییە ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەوە پیاوانن بە تەنها سیاسەت و حوکمڕانی و پێگە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوە دەبەن و ئاراستەیان دەکەن؛ ئەو کەسەی پێی وایە ئافرەت ڕۆڵی لەمەدانییە ڕەنگە هەر لەوساتەدا کە وەها بۆچوونێک دەنوسێت، لە ماڵەکەی خۆیدا دایکیان خێزانیان خوشکەکەی خواردنی بۆ دروست بکات و چا و قاوەی بۆ بهێنێت و جلی بۆ بشوات و ماڵیبۆ پاکبکاتەوە..ڕەنگە هەندێک وابزانن ئەمانە ئیشێک نیین شایانی باسکردن بن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە گرنگترین ئیشوکار و هاوکارییە بۆ ئەو کەسە و بۆ هەموو ئەوانەشەی کە پێگە و بەرپرسیارەتیی گەورە و گرنگیان هەیە لە هەر بوارێکدا. بیهێننەوە پێش چاوی خۆتان ئافرەت لە هەمو کایەکانی ژیانداو لە ئەرکەکانی ناو ماڵ و خێزاندا بهێننە دەر بزانن ئایا شتێک دەمێنێت بە ناوی ژیان؟ ئەوەباسی سیاسەت و حوکمڕانیی و پێگەیکۆمەڵایەتی هەر ناکرێت. بەداخەوە بەهۆی سەرهەڵدانی هەندێک لە ئایینەکان و عورف و عادەتەکۆمەڵایەتی و خێڵەکیەکانەوە وردە وردە ڕۆڵی ئافرەت لە مێژودا لە پێشی پەردەوە دەگوازرێتەوە بۆ پشتی پەردە و توانایی و لێهاتوییشیان سنووردار دەکرێت بۆ ئەرکە خێزانیەکان و هیچی تر؛ ئەمەش وای کرد زیاتردەرفەت بۆ پیاوان واڵا بکرێت و ئەوان ببنە پاڵەوان و دروستکەر و بەڕێوەبەری سیاسەت و حوکمڕانی و کۆمەڵگە
بە گشتی، بەڵام بە درێژای مێژوو لە هەندێك لەکۆمەڵگەکاندا ئافرەتان کۆڵیان نەداوە و هەر دەرفەتێکیان بۆڕەخسابێت توانایی و لێهاتوویی خۆیان سەلماندوە؛ لە هەندێک بواریشدا، لە پیاوان باشتر خۆیان سەلماندووە و لێبڕاوانە ئەرکەکانی سەر شانیان جێبەجێکردووە و خۆیان لەگەڵ گۆڕانە هەمە جۆرەکانی ژیاندا گونجاندووە، ئەم خۆگونجاندنەشیان لەگەڵ ئەرکی خێزان و چەندین بارگرانیی دیکەی
ژیانیان بەجۆرێک ڕێکخستووەکە ڕەنگە پیاوان نەتوانن بەو جۆرەڕێکی بخەن و بیگونجێنن.
ئەگەر جاران بەهۆی داخراویی کۆمەڵگاوە ئافرەتان ڕۆڵ و بەشدارییان لە کایە سیاسی و حوکمڕانیەکاندا نەبووبێت یان زۆر کەمبوبێت، ئەوا ئیستا و قۆناغ دوای قۆناغ توانیویانە هاوکێشەکە بگۆڕن؛ بەجۆرێک کە وای لێ هاتووە ئێستا زۆرترین ئافرەت لە ناوەندە سیاسی و حیزبی و ئیداری و بوارە جیاجیاکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەبن؛ ئەمەش ئەو قۆناغەیە لەدەرفەت ڕەخسان بۆ ئافرەتان کە هەندێک پیاوی مێشکداخراو لێی دەترسان و ئێستاش بەردەوام لێی دەترسن و ئەو ترسەش ناشارنەوە. جێی خۆیەتی لێرەدا پرسیارێک بکەینکە ئایا حزب و لایەنە سیاسیەکان تا چەند هاوکار
و زەمینەخۆشکەر بوونە بۆ هاتنەپێشەوەی ئافرەتان، ئایا بوونی ژمارەی خانمان لەو ناوەندانە و لە ناوەندی بڕیاردان زەمینەخۆشکرنی لایەنە سیاسییەکان بووەیاخود تەنها پەیوەندیی بە کەفائەتی ئافرەتان خۆیانەوە هەبووە؟ وەڵامەکە ئەوەیە ئەگەرچی بەشداری و دەرکردنی بڕیار لەلایەن ئافرەتانەوە لە حزب و لایەنێکی سیاسییەوە بۆ لایەنێکی سیاسی جیاوازی هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین لەناو هەموو حزبەکاندا ئافرەتڕۆڵی هەیە، بەڵام ئەوەی کە هەیە رەخساندنی ئەو کەشەیە کە تا چەند بۆیان ڕەخساوە، تا چەند لە کۆمەڵگەشدا قبووڵکراوبووە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بە نمونە لەنێو حزب و لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان وەربگرین دەبینین باڵانسی لە نێوان بەشداریپێکردنی ئافرەتانی لە کایەی سیاسی و ناوەندی بڕیاردان و تەنانەت سەرکردایەتیشدا ڕاگرتووە، چونکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە توانیویەتی ئەو زەمینەسازییە لەنێو پارتەکەیدا بۆ ئافرەتان بڕەخسێنێت، ئەمەشی هەر لە خۆوە نەکردوە بەڵکو وەک پرەنسیپ لەناو پەیڕەو و پرۆگرامی
پارتەکەیدا چەسپاندوویەتی. ئەگەرچی كۆمەڵگەی سەردەمانی پێشوو بەئاسانی ئەمەی قبووڵنەکردووە، بەڵام پارتی سوور بووە لەسەر ئەوەی گرنگی بە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت بدات؛ هەوڵیشی داوە پیاوان هۆشیار بکاتەوە و تێڕوانینی دواکەوتوانەیان دەربارەی ئافرەت بگۆڕێت. لە ماوەی حەفتاوشەش ساڵی تەمەنیشیدا ئەو خەمخۆری و باوەڕبوونەی بە تواناکانی ئافرەتان ڕەنگیداوەتەوە و چەندان ئافرەتی بوێر و توانا و بەکەفائەت لەناو ڕیزەکانی دەرکەوتون و خەباتیان کردووە و ڕۆڵیان بینیوە چ لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی، چی لەخەباتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا. لە تەواوی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیدا تا دوایین کۆنگرەشی توانیی وەکیەکەم پارت جار دوای جار ڕۆڵ و بەشداریپێکرنی ئافرەتان لەناو ئۆرگانەکانیدا بەتایبەتی سەرکردایەتی حیزب زیاد بکات و ڕێژەکەی بۆ دووهێندەی ڕابردوو بەرزبکاتەوە و پێیانبڵێت: مەوەستن کاروانی خەباتی ئێوەی ئافرەتان دەبێ بەردەوامبێت. ڕێتانکراوە دەبێت. هیچ یاساو ڕێسا و عورفێکی دواکەتوانەی کۆمەڵایەتیی و قسە و موهاتەراتی کۆمەڵێک پیاوی دواکەوتوو کە بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە قسەدەکەن، ناتوانێت ڕێگر بێت لە بەردەم کاروانی خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانداو لە بەردەم سەلماندنی تواناییە سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی ئافرەتاندا.. ئێستەو لەمەولا کاتی بەرجەستەبوونی ڕۆڵ و توانست و لێوەشایی ئافرەتانە لەسەرجەم بوارەکاندا. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە پێویستە ئافرەتان گرنگی بە خۆپێگەیاندن و خۆدروستکردن و بەهێزکردنی تواناکانیان بدەن لەو بوارانەدا کە حەز دەکەن ڕۆڵی تێدا ببینن، بەبێ خۆپێگەیاندن و خۆبەهێزکردن ناتوانن بەئامانج بگەن.

ھەواڵی زیاتر