لێژنەی دارایی: حکوومەت پلانی هەیە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، محەمەد ئیلخانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: ئەوەی بڵاو کراوەتەوە لە هەندێک میدیا لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران هیچی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە و حکوومەت خۆی پلانی هەیە بە هەنگاو پلەبەرزکردنەوە دەست پێ بکاتەوە، بەڵام بەو شێوەیەی کە لە میدیا باس دەکرێت ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە، چونکە هەندێک ڕێکار پێویستە بۆ پلەبەرزکردنەوە.

ڕاشیگەیاند: پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکات و لەناو بودجەدا پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن و خانەنشینی چارەسەر بکات، بۆیە بودجە نەبوو بارێکی قورس دەبێت لەسەر حکوومەت و مووچەی فەرمانبەران زیاد دەبێت، ئەوەش ئەرکێکی قورسە لەسەر حکوومەت، بۆیە پێویستە بودجە هەبێت.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوەش کرد “ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە، یەکێک لە خاڵەکان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دارایی کۆ بینەوە و بێتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دوایییانە هەندێک دوا کەوت، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە هەم بودجە ئامادە بکرێت و هەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت

ھەواڵی زیاتر