چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عێراق: به‌هۆی بارانبارینه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئاستی رووباری دیجله‌ و فورات به‌رزبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ بارانی به‌ لێزمه‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراقی گرته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ ته‌واوی شه‌قامه‌كانی به‌غدا لافاو دروستبوو. وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئاستی هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات به‌هۆی بارانبارینی ئه‌مڕۆ به‌رزبووه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌وه‌ ئه‌میندارییه‌تی گشتی به‌غدا ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 12ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: به‌هۆی بارانبارینی به‌ لێزمه‌ی ئه‌مڕۆ، زۆربه‌ی ناوچه‌كانی به‌غدا ژێرئاو كه‌وتن، كه‌ له‌ ساڵی 2019ـه‌وه‌ بارانی له‌مشێوه‌ له‌ به‌غدا نه‌باریووه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، به‌هۆی بارانبارینی ئه‌مڕۆی به‌غدا، له‌ناوچه‌ی ئه‌عزه‌مییه‌، ئاو چووه‌ته‌ ناو نه‌خۆشخانه‌ی (نوعمانی حكومی)، ئه‌مینداری به‌غدا ته‌واوی دام و ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ راسپارد، كه‌ به‌هانای خه‌ڵكه‌وه‌ بچن.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، ئاستی هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات به‌هۆی ئه‌م شه‌پۆله‌ی بارانبارینی به‌غدا و ته‌واوی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی عێراق روونیكرده‌وه‌، جیاوازی له‌ نێوان رێژه‌ی بارانبارینی ئه‌مڕۆی پارێزگاكانی عێراق هه‌بووه‌، به‌ گوێره‌ی تۆماری وێستگه‌ی كووت، ئاستی بارانبارینی ئه‌مڕۆ 67 ملیم بووه‌.

پێشتر سوعاد ئه‌لعه‌زاوی، شاره‌زا له‌ بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ بواری ئه‌ندازیاری ژینگه‌ له‌ زانكۆی كولۆرادۆ له‌ ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌ی كه‌مئاوی، زه‌نگی مه‌ترسی بۆ به‌ بیابانبوونی عێراق و نه‌مانی هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات لێدرا.

ئه‌لعه‌زاوی راشیگه‌یاندبوو،  به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی وشكه‌ساڵی، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ی بارانبارین، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی داهاتوو مه‌ترسی وشكبوونی هه‌ردوو رووباری دیجله‌ و فورات ده‌كرێت.

ئه‌و پسپۆره‌ی بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئه‌وه‌شی خسبووه‌ڕوو، هۆكارێكی دیكه‌ی وشكبوونی دیجله‌ و فورات، دروستكردنی 100 به‌نداوی گلدانه‌وه‌ی ئاوه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌، جیا له گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، هه‌روه‌ها دروستكردنی 100 به‌نداو له‌لایه‌ن توركیا، له‌ 20 ساڵی داهاتوو عێراق دووچاری وشكبوون ده‌بێته‌وه‌.