چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پڕۆژەی یاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق گەنجان نیگەران دەکات

پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق كاردانەوەی لێكەوتووەوە، ژمارەیەك ھاووڵاتی لە بەغدا رژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایی دژی ئەم پڕۆژە یاسایە دەردەبڕن و رەتیدەكەنەوە كە لە خزمەتی گەنجاندابێت.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن: پێویستە حكومەت ئەم پڕۆژە یاساییە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان یەكلایی بكاتەوە، چونكە پڕۆژەكە تەنیا لە بەرژەوەندی ھەندێك لایەنی سیاسییە.

حەیدەر عیدان، یەکێکە لەو گەنجانەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکە کردووە بە دەزگا میدیایەکانی ڕاگەیاند “ئێمە ئەو یاسایە رەتدەکەینەوە، چونکە هیچ سوودی بۆ ئێمە نییە، ئێمە پێویستمان بەوەیە لە دامودەزگاکانی حکومەت دابمەزرێندرێین، نەک بە زۆر سەربازییمان پێبکەن”.

زەھرا خەلەف، ژنێکی دانیشتووی بەغدایە و بەشداری لە خۆپیشاندان دژی پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێ کردووە و دەڵێت: “چۆن منداڵەکانی ئێمە بە زۆر دەکەنە سەرباز، من تەنیا یەک کوڕم هەیە، سەدان دایکی دیکەی عێراقی وەکو من هەن و زەرەرمەند دەبن”.

لە پڕۆژەیاسایەکەدا هاتووە “هەموو تاکێکی عێراقی لە رەگەزی نێر لە تەمەنی 23 بۆ 35 ساڵ، دەبێت بە مووچەی 600 تا 700 هەزار دینار خزمەتی سەربازی بکەن، لە بەرامبەر پابەند نەبوونیش، بە زیندانی کردن یان پێبژاردن سزادەدرێن.

هەموو ئەوانە کە نەخراونەتەبەر خوێندن و تەمەنیان لە سەرووی 23 ساڵه، دەبێت ماوەی 18 مانگ خزمەت بکەن، هەروەها دەرچووی ئامادەیی یەک ساڵ و بڕوانامەی پەیمانگا و زانکۆ نۆ مانگ، ئەوانەی ماجستێریان هەیە شەش مانگ، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراش سێ مانگ.

لەوبارەوە عەلا لامی چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: “پڕۆژەیاسای سەربازی زۆرەملێ لە عێراق کاتی نییە، چونکە عێراق هێزێکی زۆری ناوخۆ و بەرگری هەیە و شەڕیش لە عێراق نییە، پێویستە لە جیاتی ئەوە حکومەت پلانی دیکەی بۆ خزمەتکردنی گەنجان و خۆشکردنی ژیانی هاووڵاتیان هەبێت”.

یاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لە ساڵی 1935ـەوە لە عێراق جێبەجێکراوە، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئەو یسایە هەڵوەشێندرایەوە، ئێستا بەشێک لە لایەنە سیاسییە لەگەڵ ئەوەدان جارێکی دیکە یاسایەکە جێبەجێ بکرێتەوە.