سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له بڕیاری پەرلەمانی لوکسەمبۆرگ بۆ به جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی داعش دژی ئێزدییه‌كان دەکات و داواش دەکات دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له تویتێکدا نووسیوویه‌تی: دوێنێ پەرلەمانی لوکسەمبۆرگ تاوانەکانی داعشی دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند، به‌گه‌رمی پێشوازی له‌و بڕیارە دەکەم”.
هه‌روه‌ها نووسیویەتی : “ئەم بڕیاره یارمەتیدەرە بۆ هێنانەدی هەستێکی گەورەتری لێپرسینەوە بۆ کۆمەڵگه‌یەک، کە ئارەزووی ئاسایش و گەڕانەوە بۆ نیشتمانی باوباپیرانیان دەکه‌ن”.
سەرۆکی حکومەت لە تویتی دووەمیدا ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە وەک نەتەوە لە خەمداین بۆ ئەوەی لەدەستدراوە بەهۆی ئەو فەرمانەی بەم دواییانە، هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ کۆمەڵگاکانیان و بەدادگا گەیاندنی تاوانباران، پشتگیری خێزانە ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگالیش دەکەین.
پێنجشەممەی رابردوو، رێکخراوی یەزدا بۆ مافه‌كانی ئێزدی، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پەرلەمانی لوکسەمبورگ بە فەرمی تاوانه‌كانی داعشی دژ به ئێزدییه‌كان به جینۆسایدناساند.
رێکخراوهكه هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، په‌رله‌مانی لوكسهمبۆرگ رۆژی (چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 9ـی تشرینی دووەمی 2022) به‌فه‌رمی تاوانه‌كانی داعشی دژ به ئێزدییه‌كان به جینۆسایدناساند، كه بە کۆی دەنگ تێپەڕبوو.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌مه هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چه‌سپاندنی دادپەروەری و لێپرسینەوە.
رۆژی سێی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش ھێرشیانکردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون و ناوچه‌كانیان وێرانكران.
ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.