جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە، کە ئەو کەسانەی لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردوومانەکان شەهید بوون، بە شەهید هەژمار بکرێن و مووچەی شەهیدانەشیان پێ بدرێت، کە ژمارەیان 120 کەسە.
سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق کۆبووینەوە و داوامان کرد کە ئەو کەسانەی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردوومانەکان شەهید بوون، وەکو شەهید هەژمار بکرێن لە دەزگای شەهید، ئەویش لای خۆی نووسی و زۆری پێ باش بوو و رەزامەندیی نیشان دا، بۆیە ئەو کەسانە وەکو شەهید هەژمار دەکرێن و مووچەی شەهیدانەیان پێ دەدرێت”.
سندی ڕوونیشی کردەوە: “داواشمان کرد کە ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە و گوندەکانیان چۆڵ کردووە، بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و قەرەبووش بکرێنەوە، چونکە زیانی زۆریان بەرکەوتووە”.
دەشڵێ، ئەوانەی بە هۆی بۆردوومانەکان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان شەهید بوونە، ژمارەیان 120 شەهیدە، کە بڕیارە بە شەهید هەژمار بکرێن و بخرێنە سەر دەزگای شەهید لە عێراق و مووچەش لەلایەن عێراقەوە پێیان بدرێت.