بەرپرسێکی پێشووی یەکێتی: لە دوای تیرۆركردنی ھاوکار جاف، یەکێتی بیانوو بە حکوومەت دەگرێت

حاکم حه‌مدی گلی، دادوەری پێشووی دادگای سه‌ربازیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند، لەدوای تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف، فەرماندەی دژەتیرۆری یەکێتی لە شاری ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دەزگا ئەمنییەکانی ھەولێر بەڵگەی دانپێدانانی تاوانبارەكانیان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە، بەڵام یەکێتی لەوکاتەوە مامەڵەی سیاسەتکردنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و تەنانەت حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش گۆڕیوە.

ڕوونیشی كردەوە، یەکێتی شکستی ھێنا لەوەی بتوانێت، دەزگا ئەمنییەکانی ھەولێر رازی بکات كە تاوانی تیرۆرکردنی ئەو فەرماندەیەی خۆیان پەردەپۆش بکەن، بۆیە ئێستا یەکێتی بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف، بیانوو بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرێت، بەڵام ”ھەموو ھەوڵەکانی یەکێتی لەو چوارچێوەیەدا شکستیان ھێناوە، چونکە تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف، لایەنە نێودوڵەتیەکانیشی نیگەران کردووە و ئەوان داوای ئاشکراکردنی تاوانەکەیان کردووە.“

گوتیشی: ”یەکێتی ڕووبەڕووی چەندین کێشەی گەورەی ناوخۆیی بووەتەوە و کێشەکانی بەئاسانی چارەسەر ناکرێن، ئێستا یەکێتی دەیەوێت لایەنگرانی خۆی واتێبگەیەنێت، گوایە کێشەی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، چونکە ئەگەر یەکێتی ئەو موزایەدەیە نەکات، لایەنگرانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵام ئەو موزایەدەیەی یەکێتی ھیچ سوودێکی نییە، لەبەرئەوەی لایەنگرانی یەکێتی خۆیان دەزانن حزبەكەیان چەندە کێشەی گەورەی ھەیە و ئەو حزبە بە تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف و موراد کانی کوردەیی و بەھەدەردانی سامانی گشتیی لە سنووری زۆنی سەوز، ڕووبەڕووی چ قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.“

حاکم حەمدی گلی، ئاماژەی بەوەش کرد، گرژییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان شتێکی کاتیین، چونکە ”ئەو حزبە تەواو بچووک بووەتەوە و جەماوەرەکەیشی لێی ناڕازییە و بەرگەی کشانەوە لە حکوومەت ناگرێت، تەنانەت یەکێتی ئەوەندە بچووک بووەتەوە، لە حزبایەتی کەوتووە و وڵاتانی دەرەوە ھیچ مامەڵەیەکی وەکوو حزب لەگەڵ یەکێتیدا ناکەن، تەنیا کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێ، ئەویش ئێستا دەزانێت یەکێتی کێشەی گەورەی ھەیە و بەرەو پووکانەوە دەچێت، بۆیە وەکوو حزبێکی کوردی مامەڵەی لەگەڵ ناکات، بەڵکوو ھاوشێوەی حەشدێکی شەعبی و گرووپێك چەکداری کورد مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.“

ھەواڵی زیاتر