شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سکرتێری گشتیی YNDK پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات

غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، لە پەیامێکیدا بۆ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنەوەی جەنابیان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە رۆڵی کاریگەرانەی سەرۆک بارزانی بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەکات و، لەم پێناوەشدا پێشنیاری پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەکات. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە :

برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێكی برایانەی گەرم …
بەناوی خۆمان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنەوەی جەنابتان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژی و بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
هەڵبژاردنەوەی جەنابتان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی دروستی کۆنگرەی (14)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لەبەرئەوەی كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و، هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندان، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە سیاسەتی حەکیمانی جەنابتانە بۆ رێكخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، رێبەری شۆڕشی گەلی کوردستان (مستەفا بارزانی نەمر) لە شۆڕشی ئەیلوولی نیشتمانیدا هەمیشە هەوڵیداوە تەبایی و یەکڕیزی و یەکدەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بپارێزێت و چەتری هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان و کەسانی وڵاتپارێزو تێکۆشەرانی کوردستان بوو، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵی کوردستان رێک و یەک بێت، جەنابتان کە درێژەپێدەری رێبازی (بارزانی نەمر)ن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و رێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان، بە باوەڕی ئێمە پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژی و تەندروستییەکی باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنی زیاتر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان .. لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.

برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK