شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

وەزیری دەرەوەی سوید:پێویستە سوید بۆشاییەك لەنێوان خۆی و یەپەگە دابنێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

بۆ یەكەم جارە لەسەر ئاستی باڵا، وەزیری دەرەوەی سوید، داوا دەكات وڵاتەكەی بۆشاییەك لە نێوان خۆی و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دا دابنێت و پێی وایە ئەو رێكخراوە لە رۆژئاوای كوردستان لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە نزیكە و پەكەكەش رێكخراوێكی تیرۆریستییە.

تۆبیایس بیلیسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، لە دیمانەیەكیدا بۆ رادیۆی وڵاتەكەی، داوا دەكات سوید بۆشاییەك لە نێوان و خۆی و یەپەگەدا دابنێت، چونكە یەپەگە لە پەكەكەوە نزیكە و پەكەكەش لای سوید رێكخراوێكی تیرۆرستییە.
سوید و فینلەندا، بۆ ئەوەی بتوانن ببننە ئەندامی ناتۆ، پێویست دەكات توركیاش دەنگیان پێ بدات، بۆیە هاتوونەتە ژێر باری مەرجەكانی توركیا، كە یەكێك لەوانە دروستكردنی بۆشاییەكی راستەقینەیە لە نێوان سوید و یەپەگە، بۆیە وەزیری دەرەوەی سوید، لەو روانگەیەوەیە كە دژی یەپەگە قسە دەكات و بە تیرۆریست ناوی دەهێنێت.
تۆبیایس دەڵێت: ”ئێمە چەندین كێشەمان هەیە كە زیانی بە پەیوەندیی نێوان توركیا و سوید گەیاندووە. یەپەكە پەیوەندییەكی زۆر نزیكی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە، پەكەكەش لای وڵاتانی ئەورووپا رێكخراوێكی تیرۆریستە، بۆیە دەبێت سوید بۆشایی لە نێوان خۆی و یەپەگە دابنێت.“
گفتوگۆی نێوان توركیا و سوید و فینلەندا، بەردەوامی هەیە تا بتوانن بڕوا بە توركیا بهێنن دان بەو دوو وڵاتەدا بنێت وەكو ئەندامی ناتۆ.
توركیا چەند مەرجێكی بۆ سوید و فینلەندا داناوە، یەكێك لەو مەرجانە ئەوەیە، هاوكاری سەربازی بۆ یەپەگە ببڕن و وەكوو تیرۆرست بیناسێنن.
هەرچەندە تاوەكوو ئێستا ئەو دوو وڵاتە بەفەرمی یەپەگەیان پێ تیرۆرست نییە، بەڵام دوای ئەو بۆچوونانەی وەزیری دەرەوەی سوید، گۆمانەكان زیاتر بوون، بەوەی سوید دەچێتە ژێرباری داواكارییەكی توركیا و یەپەگە وەكوو تیرۆرست دەناسێنێت.
لە 2014ەوە، سوید و فینلەندا هاوكاری سەربازی یەپەگە دەكەن تا دژی گروپی تیرۆرستی داعش بجەنگن، ئەمەش توركیای نیگەران كردبوو، بەڵام كاتێك ئەو دوو وڵاتە كەوتنە باوەشی توركیا و كاریان پێیبوو تا لە ناتۆ ڤیتۆ دژیان بەكارنەهێنێن بۆ بوونە ئەندام، بۆیە توركیاش چەند مەرجێكی بەسەر سەپاندوون و هەموو مەرجەكانیش دژی پەكەكە و یەپەگەیە.