زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

  • رۆژنامەی ئێکس پرێسی بەریتانیا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری مانچێستەر یونایتد بڕیاریداوە زستانی ئەمساڵ، واتە سەرەتای ساڵی 2023 ریزەکانی یانەکەی جێبێڵێت، بەرپرسانی یانەکەش ئامادەن دەستبەرداری ئەو یاریزانە بن، دەیانەوێت چۆپۆ مۆتینگ هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی وەکو وێنگرەوەی بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، به‌ڵام رۆناڵدۆ یەکێک لە بژاردەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو، یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنای وڵاتەکەیەتی.
  • میلان سکرینیایەر بەرگریکاری سلۆڤاکای یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستاش گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە، بەڵام جۆزێپ مارۆتا بەرێوەبەری وەرزشی نێرازۆری ئاشکرای دەکات، لەم چەند رۆژەی داهاتوو لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی کۆدەبنەوە و هەوڵ دەدەن لە نزیکترین کات گرێبەستی بەرگریکارەکەیان نوێ بکەنەوە، چونکە خۆشی حەز بە مانەوە لە ریزەکانیان دەکات. سکرینایەر یەکێکە لەو بەرگریکارانەی کە بووە ئامانجی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا، لەوانەیەش پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد.
  • سێب بلاتەر سەرۆکی پێشووی فیفا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئار ئێم سی فەرەنسی لە بارەی پشتیوانیکردنی قەتەر بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 دەڵێت، هەڵبژاردنی قەتەر وەک میوانداریی مۆندیال هەڵە بوو، وەک کەسێک کە لە کاتی ئەم هەڵبژاردنەدا سەرۆکی فیفا بووم و پشتگیریم کرد دان بە هەڵەکەمدا دەنێم، لەبەر ئەوەی وڵاتێکی بچووکی وەکو قەتەر شایستەی ئەوە نییە میوانداریی روداوێکی گەورەی جیهانی وەکو مۆندیال بکات، ئەو کات پێویست بوو پشتگیری ئەمریکا بكه‌ین، چونکە ئەو وڵاتە زیاتر شایستەی مۆندیال بوو.
  • كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید: شەوێکی ناخۆشە بۆ من، نەمانوانی یارییەکی باش به‌رامبه‌ر رایۆ ڤایكانۆ بکەین، راستییەکەی توانای رووبەروو بوونەوەمان نەبوو، تیپی به‌رامبه‌ر زۆر بە متمانەوە یارییان کرد و بە باشی کۆنترۆڵی یارییەکەیان کرد، ئەمە بۆ ئێمە ناخۆشبوو بەتایبەت بۆ ئەوەی کە پێشەنگی لالیگمان لەدەستدا، له‌بیرمان نه‌چێت هیچ تیپێک نییە لە تۆپی پێ دووچاری دۆران نه‌بێت، ریال مەدریدش وەک هەر تیپێکی دیکە دەبووایە رۆژێک هەر بدۆڕێت.
  • كارلۆ ئانچیلۆتی: رووبەرووبوونەوەمان لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول ئەمە یارییەکی زۆر ناوازە دەبێت، لیڤەرپوول لە رابردوو ئێستاش ئەوەی سەلماندووە یەکێک لە باشترین تیپەکانی جیهانە، جارێکی دیکە رووبەرووبوونەوەی لیڤەرپوول جۆش و خرۆشی زۆر دەخاتەوە نێو یاریگاکانی ئانفێلد و سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
  • جۆلیان نایگلیسمان راهێنه‌ری بایرن میونشن: پاریس سانجێرمان خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك یاریزانی جیهانین، ئه‌مه‌ش چامپیۆنزلیگه‌ و سه‌رجه‌م یانه‌كان به‌هێزن، به‌ڵام جارێ بیریان لێ ناكه‌مه‌وه‌ تا كاتی خۆی دێت.
  • رۆژنامەی سەنی بەریتانیا: کۆمەڵەی ڤینوای وەرزشی پێشنیازی کردووە کە یانەی لیڤەرپوول بفرۆشێت، تا ئێستاش چوار لایەن بەربژێرن بۆ ئەوەی یانەکە بکڕنەوە، ئێلۆن مەسک خاوەنی ئێستای تویتەر یەکێکە لە دیارترین بەربژێرەکان کە سامانەکەی دەگاتە 175 ملیار یۆرۆ، کە ناوبراو پێشتریش رایگەیاندبوو هەوڵدەدات یانەی مانچێستەر یونایتد بکڕێتەوە، لیبرۆن جەیمس ئەفسانەی باسکە لە نێوان بەربژێرانی کڕینی یانەی لیڤەرپوول کە لیبرۆن لەوەتەی ساڵی 2011ـەوە خاوەنی لەسەدا دووی پشکی لیڤەرپوولە.
    لەلایەکی دیکەوە سێر جیم راتکلیف کە دەوڵەمەندترین پیاوی بەریتانیایە و سامانەکەی دەگاتە 15 ملیار پاوەند هەوڵدەدات ببێتە خاوەنی یانەکەی مێرسیساید.