بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چاودێریی پارێزگاری هەولێر سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ناحیەی قوشتەپە جێبەجێ دەکرێن کە دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردن و فراوانکردنی ڕاڕەوەکانی ئاو دەگرێتەوە و تێچووی هەرسێ پڕۆژەکە 700 ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/11/2022 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی لە سنووری ناحیەی قوشتەپە ڕاگەیاند.
پارێزگاری هەولێر گوتی: ”لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم ناوچەکان، ئەمڕۆ لە ناحیەی قوشتەپە تەواوبوون و بەردی بناغەی سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕادەگەیەنین کە بەشی زۆریان قیرتاوکردنی شەقامەکان و دروستکردنی ئاوەڕۆ و پاککردنەوەی ئەو شوێنانەن کە مەترسییەکانی لافار کەم دەکەنەوە.”
گوتیشی: ”هەرسێ پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و بودجەی تایبەتی پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراون کە کۆی گوژمەی پڕۆژەکان 700 ملیۆن دینارە و بە خۆشحاڵییەوە بەشێکیان تەواو بوون.”