هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

تیروپشكی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ یاریی ئاگرینی لێكه‌وته‌وه‌

تیروپشکی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە شاری نیۆنی سویسرا راکێشرا، کە لە قۆناغی داهاتوو یەکەمی کۆمەڵەکان لەم قۆناغە رووبەڕووی دووەمی کۆمەڵەکان دەبنەوە، ئاستی یەکەم بریتیە لە یانەکانی ناپۆلی، پۆرتۆ، بایرن میونشن، تۆتێنهام، چێڵسی، ریال مەدرید. مانچێستەر سیتی و بێنفیکا، ئاستی دووەمیش لە یانەکانی لیڤەرپوول، کلەب برووج، ئینتەر میلان، فرانکفۆرت، میلان، لایپزیگ، دۆرتمۆند و پاریس سانجێرمانن، له‌ ئه‌نجامی تیروپشكه‌كه‌ یانه‌كانی لیڤه‌رپوول و پاریس سانجێرمان به‌خت یاوه‌ریان نه‌بووه‌.

حەمید ئاڵتن تۆپ ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌كانی ریال مه‌درید و بایرن میونشن بەشداری تیروپشکەکەی کرد و لە یەکەمین راکێشاندا یانەی لایپزیگی خستە نێو خشتەکەی قۆناغی 16، ئەم یانە ئەڵمانیا لە قۆناغی داهاتوو ئەرکی سەختە کاتێک رووبەڕووی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەبێتەوە، کە سیتیزن لەم وەرزە بەربژێرێکی بەهێزە بۆ بردنەوەی ناسناوەکە.

لە یارییەکی دیکەی قۆناغی شازدە کلەب برووجی بەلجیکی کە بە دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت، لەم قۆناغە بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی یاریی دەکات.

لە یارییەکی لوتکەشدا ریال مەدرید پاڵەوانی وەرزی رابردوو خاوەنی زۆرترین ناسناوی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول یاریی دەکات و چاوەڕێ دەکرێت یارییەکی ئاگرین بێت.

قۆناغی 16 پڕ دەبێت لە یاریی ئاگرین و لە یارییەکی دیکە ئەیسی میلان بەرامبەر تۆتێنهام یاریی دەکات و گرەو لەسەر گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی دەکەن.

ناپۆلی پێشەنگی سێریا ئەی لە یاریی چوونی قۆناغی شازدە گەشتی ئەڵمانیا دەکات و رووبەڕووی فرانکفۆرتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی یۆرۆپالیگ دەبێتەوە.

بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیش بەرامبەر ئینگلیزەکان یاریی دەکات و لە یاریی چووندا لە بەردەم هاندەرانی میوانداریی چێڵسی دەکات، لەلایەن خۆیەوە ئینتەرمیلان لەپێناو گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی پۆرتۆ دەبێتەوە.

لە یارییەکی هاوشێوەی کۆتاییشدا لە باخچەی شازادەکان لە پاریس، بایرن میونشن جەنگی فەرەنسیەکان دەکات و لە یاریی چووندا رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت یەکێک بێت لە بەهێزترین یارییەکانی ئەم قۆناغەی چامپیۆنزلیگ.

یارییەکانی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ دەکەونە دوای دوای مۆندیالی 2022ـی قەتەر و یارییەکانی چوونی ئەم قۆناغە لە رۆژانی 14 و 15، 21 و 22ی مانگی دووی ساڵی داهاتوو دەکرێن، یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 7 و 8، 14 و 15ـی مانگی سێی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچن.