ئامارێکی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم ڕادەگەیەنرێت

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو ژمارانەی لەبارەی دانیشتووانی هەرێم لە عێراق بڵاو دەکرێنەوە، هیچیان ڕاست نین و ئێمە بە شێوەیەکی زانستی کارێکمان کردووە لەبارەی ژمارەی دانیشتووان و لەمساڵدا رایدەگەیەنین.

سیروان محەمەد رایگەیاند، ئەو رووپێو و ئامارانەی کە حکوومەتی عێراق ناوە ناوە رایاندەگەیەنێت، هەموویان بە شێوەی تەخمینین و لەخۆیانەوە ژمارە رادەگەیەنن، بۆیە ئەوەی ئەوان باسی دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، لای ئێمە جێگەی پرسیارە و ڕاست نین.

محەمەد گوتیشی، ئێمە کارێکمان کردووە لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانمان، کە وەکو ئەوانەی عێراق نییە و بە شێوەیەکی زۆر زانستیانە کراوە، کە بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەنجامەکەی رابگەیەنین، کە ژمارەی دانیشتووان لە 2021 تاوەکو 2030 خەمڵاندنێکمان کردووە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە کۆتایی ئەم مانگەشدا دوو رووپێوی دیکە رادەگەیەنین، ئەوانیش کار و بێکاری و دامەزراوە زۆر بچووک و مامناوەندەکانن، کە بە شێوەیەکی مەیدانی ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی بزانین پڕۆژەکانی زۆر بچووک و بچووک و مامناوەند لە چ ئاستێکدان و چەند کەس کاریان تێدا دەکات و داهاتیان چەندە، کە ئەوەیان هاووڵاتی ئاسایین و دەمانەوێت بزانین دۆخی کار لە هەرێمی کوردستان چۆنە.

دەشڵێ، بۆ رێژەی هەژارییش تا ئێستا هیچ نەکراوە، چونکە ئاسان نییە و عێراقیش هەر ژمارەیەک رابگەیەنێت، نادروستە.

ھەواڵی زیاتر