هۆشداری لە دۆخی ئەمنی کەمپی هۆل دەدرێت

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لەبارەی دۆخی ئەمنی کەمپی هۆل، ناڕەزایەتی و توندوتیژییەکان هۆشداری دەدات.

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور راپۆرتێکی لەبارەی کەمپی هۆل بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بە مەترسیداربوونی دۆخی کەمپەکە داوە.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا باس لە زیادبوونی توندوتیژی، کوشتن و کردەوەی خراپ بەرامبەر بەو خێزانانەی لە کەمپی هۆل دەژین کراوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە ئەوانەی لە کەمپەکەدا دەژین گەرەنتی پاراستنیان نییە و مافەکانیان پارێزراو نییە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کەمپی هۆل بە هەزاران خێزانی چەکداری داعشی تێدایە، کە ژن و منداڵەکانیان دەکوژرێن و لە دۆخێکی خراپدا دەژین، بۆیە هەر وڵاتێک کە هاووڵاتی لەوێ هەبێت پێویستی بە بەرپرسیارێتیە و بیانگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاندووە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا نەیانتوانیوە بەرپرسیارێتی و پاراستنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەیان کە لەو کەمپەدا نیشتەجێن، لە ئەستۆ بگرن و تائێستاش هیچ چارەسەرێک بۆ دۆخی کەمپەکە نەدۆزراوەتەوە، چونکە هێشتا زۆر وڵاتن هەن نایانەوێت هاووڵاتیانیان بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

کەمپی هۆل تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 هه‌زار كه‌سی سه‌ر به‌ داعشی تێدایه‌ و نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و زۆربەیان عێراقین، ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە قەڵەم دەدرێت چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بە فەرمی داوا لە وڵاتان کراوە هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە وڵاتەکانیان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تائێستا 925 خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە عێراق.

کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

ھەواڵی زیاتر