زتاتر لە 300 ملیار دینار بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت

دوای ناردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت، کۆی گشتی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014، 2015، 2016 دەکاتە 309 ملیار دینار.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “ئەو بڕە پارەیەی بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت هی بەرهەمی گەنمی ساڵی 2014یە و 11 ملیار و 446 ملیۆن دینارە، ئەمڕۆ لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت”.

گوتیشی: “دوای دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ساڵی 2014، پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2015 و 2016 دابەش دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەو سێ ساڵەی کە نەدرابوو، هیچ کێشەیەک لە بەغدا نەماوە، بەڵام نایانەوێت هەرسێ ساڵەکە بەیەکەوە دابەش بکەن، بۆ ئەوەی فشار نەکەوێتە سەر کارمەندانی سایلۆکان.

راشیگەیاند، دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دوێنێ لە پارێزگای دهۆک دابەشکراوە، لە پارێزگای سلێمانیش لە کۆتایی یەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات.

نەوزاد شێخ کامیل، روونیکردەوە، کۆی گشتی بڕی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2014، نزیکەی 37 ملیار دینارە و بۆ هەرسێ ساڵ 309 ملیار دینارە، پارەکە ئامادەیە و خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی عێراق و ئەوانیش دەیخەنە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی عێراق بە بڕیارێکی سیاسی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵەکانی 2014، 2015، 2016 راگرتبوو، دوای هەوڵێکی زۆر حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیە بنێرێت.

ھەواڵی زیاتر