پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی ١٤ی خۆی بەست، لە خاڵە گرنگەکانی کۆنگرە باشترکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، ھەر بۆ ئەم مەبەستە سەردانی لایەنەکان دەکات. بەگوتەی بەرپرسانی پارتی، پارتی زۆرجار لەبەشی خۆی خۆشبووە لەپێناویەکڕیزی.

گرنگی دانی پارتی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، لە پەیڕەو پڕۆگرامی پارتی جێگیر کراوە، ئەو پەیوەندییە لەسەر بنیاتی رێزگرتن لەیاسا دەبێت.
پارتی بەدرێژای تەمەنی خۆی ھەوڵی داوە ناو ماڵی کورد یەکڕیز بێت، زۆرجار لە بەشی خۆی خۆشبووە لە پێناو یەکڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستاش بە دەست ھاتوونە، ھەموو بەھۆی یەکڕیزی بوونە، پاش کۆتایهاتنی کۆنگرە پارتی ئەوە دەکاتە کاری لەپێشینەی خۆی، چونکە یەکڕیزی ناو ماڵی کورد، کلیلی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانە، ھەم لەگەڵ بەغدا، ھەم لە ناوخۆ، بەگوتەی چاودێران، لایەنەکان پێکەوە جوانن و تەواوکەری یەکدینە.
پارتی دیموکراتی کوردستان تەمەنی ٧٦ ساڵە و پارتییەکەمە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ٤٥ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان و ٣١ کورسی لە پەرلەمانی عێراق ھەیە.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، ڕایگەیاند؛ نێچیرڤان بارزانی، جێگیری سەرۆکی پارتی، لە گوتارەکەیدا کە لە کۆنگرەی ١٤ی پارتی پێشکەشی کرد ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆنگرە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی:” ھیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە دانوستاندن و لێک تێگەیشتن، بەدیلی رێککەوتنیش ھەر رێککەوتنە، شاندی وەزاری پارتی ھەفتەی رابردوو سەردانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کرد، سەردانی سەرکەوتوو بوون، ئەو سەردانانە بەردەوام دەبن، لێک تێگەیشتنی پێویست لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دێتە کایەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشانەی ھەن،یان ئەو نیگەرانیانەی ھەن چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانین لەمەودوا پێکەوە ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بکەین و ئەو کێشانە بەلاوە بنێین”.

ھەواڵی زیاتر