رۆژانە لە عێراق ٤٥ کەس بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێن

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق دەڵێت، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 13 هەزار و 680 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیر کردووە. بەڕێوەبەری رێکخراوێکی تایبەت بە بایەخدان بەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن دەڵێت، “رێژەی 40%ی گەنجانی عێراق ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و ساڵانی داهاتووش کێشەی زیاتر رووبەڕووی ئەم وڵاتە دەبێتەوە.”

رۆژی یەکشەممە 06-11-2022 عەقید بیلال سوبحی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەبارەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق، ڕایگەیاند ، “ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون 13 هەزار و 680  کەس بووە. تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمیش هەزار و 360 کەس دەستگیر کراون.”

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن و بازرگانییان پێوەدەکەن.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لە ماوەی ئەو 10 مانگەی ئەمساڵدا رۆژانە 10 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون.

ئیناس کەریم، بەڕێوەبەری رێکخراوی “نەقاهە لەپێناو عێراقێکی بێ ماددەی هۆشبەر” کە رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە و بایەخ بە چارەسەرکردنی ئەو کەسانە دەدات ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، رۆژی یەکشەممە 06-11-2022 ڕیگەیاند ، “ژمارەکان لەبارەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان زۆر شۆکهێنەرن. لە چەند ساڵی کەمی رابردوودا بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر زۆر زیادیکردووە و دەتوانین بڵێین رێژەی 40%ی گەنجانی عێراق بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن.”

بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوە باسی لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر کرد و گوتی، “مەترسییەکی زۆر رووبەڕووی عێراق بووەتەوە. ئەم مەترسییە و کاردانەوەکانی لە ساڵانی داهاتوودا زۆر زیاتر دەبێت و هۆشداری دەدەین بەوەی دەبێت هەنگاوی خێرا و ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشە گەورەیە هەبن.”

ئیناس باسی لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی زۆری ماددە هۆشبەرەکان کرد و گوتی، “کردنەوەی سنوور بە شێوەیەکی ناڕێکخراو، زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسایشییەکان؛ بێخەمیی خێزانەکان لە رۆڵەکانیان و لێنەپرسینەوەیان.”

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەستیان بەسەر 360 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 14 ملیۆن و 500 هەزار حەبی بێهۆشکەردا گرتووە.