سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان: سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە پرۆژەکە دەدات و لە نزیکترین ماوەدا تەواو دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەست بە قیرتاوکردنی دوو سایدی حاجی ئۆمەران – چۆمان کراوە و لە ماوەی ھەفتەیەکدا تەواو دەبێت. قایمقامی قەزاکەش، دەڵێ، سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە پڕۆژەکە دەدات و دەیەوێت ھەرچی زووە تەواو بکرێت. دەشڵێ، جگە لەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی راکێشانی ھێلی ١٣٢ کەیڤی چۆمان بەگوژمەی زیاتر لە ١٣ ملیار و نیو لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، ھەروەھا ئەمساڵ ٣ ملیار دیناری دیکە بۆ پڕۆژەکانی قەزاکە تەرخان کراوە.

رۆژانە بەسەدان بارھەڵگر و بە ھەزاران گەشتیار بەو رێگایەدا گەشتیار و کاڵا بۆ شاروشارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەگوازنەوە. سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان، بە “ھەولێر”ـی راگەیاند، لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پرۆسەی قیرتاوکردنی رێگای سەرەکی دوو سایدی حاجی ئۆمەران – چۆمان دەستی پێ کرد، رێگاکە لە ھەر دوولا چوار کیلۆمەترە، لە ماوەی ھەفتەیەکدا ھەر دوو سایدەکە قیر دەکرێت.
قایمقامی چۆمان، گوتیشی:” رێگاکە لە حاجی ئۆمەران تا دەگاتە چۆمان، درێژیەکەی ١٦ کیلۆمەترە، نزیکەی ٥٣ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە تا پرۆژەکە تەواو دەکرێت، قۆناغییەکەم قیر دەکرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژە ستراتیژییەکان، چونکە دوو سایدی جاحی ئۆمەران – چۆمان ماوەیەک بوو کارەکانی وەستا بوون بە ھاتنە کایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە پشتگیری راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت دەست بە پرۆژەکە کرایەوە، سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە پڕۆژەکە دەدات، بۆیەپێش سەرما و سۆڵ پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی ھاووڵاتییان، جگە لە قیرتاوکردنی ئەو بەشە، کارکردن لە بەشەکانی دیکەش بەردەوامە.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان، ئاشکراشی کرد:” پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی لە سنووری چۆمان جێبەجێ دەکرێت، ئەویش راکێشانی ھێلی ١٣٢ کەیڤی چۆمانە و زیاتر لە ١٣ ملیار و نیوی بۆ تەرخان کراوە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە.
قایمقامی چۆمان، جەختی لەوەشکردەوە:” ئەمساڵ ٣ ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی سنووری قەزای چۆمان تەرخان کراوە، بەشێکی زۆری ئەو بودجەیە بەر رێگاوبانەکان کەوتووە، زۆربەی رێگاوبانەکان چاک کراون، ھەتا رێگای گوندەکانیش چاک کراون، ئەمە لە کاتێکدایە پێش ئەوەی سۆران ببێتە ئیدارە، کێشەیەکی زۆرمان لەو رووەوە ھەبوو، بەڵام ئێستا ھەملەیەکی باش ھەیە و ھەموو پڕۆژەکانیش پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتییانەوە.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان، زیاتر دەڵێ:” بۆ ساڵی داھاتوو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ھەموو سێکتەرەکان بەردەوام دەبن، بەتایبەتی پڕۆژە ستراتیژییەکان”.