سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانی كهمپی هۆل دەکات و دەڵێت: دەبێ بە زووترین کات کێشەکە ئەکلابکرێتەوە.
محەمەد شیاع سوودانی، لەسەر دۆخی ئاوارەکانی کەمپی هۆل، لەگەڵ هەریەک لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران و وەزیری ناوخۆ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری عێراق و هەروەها نوێنەرانی رێکخراوە نێودەولەتییەکان کۆبووهوه.
لە کۆبوونەوەکە جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی پلانەکانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان کرایەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی کەمپەکە رەهەندی ئاسایشی و مرۆیی لەخۆدەگرێت، دەبێت بە زووترین کات کێشەکان یەکلابکرێنەوە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا ئەرکەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمپی هۆل جێبەجێبکات.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری ئەمنی کەمپەکەن.
کەمپی هۆل تایبەتە بە خێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 ههزار كهسی سهر به داعشی تێدایه و نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و زۆربەیان عێراقین، ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە قەڵەم دەدرێت چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بە فەرمی داوا لە وڵاتان کراوە هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە وڵاتەکانیان.