بیر لە پیربوون مەکەرەوە
چەندەش پیر بیت،
هێشتا لە چاو ژیاندا گەنجیت
خەم لە چرچ و لۆچیی نێوچەوانت مەخۆ،
کە هەر لە منداڵییەوە ڕەش بووە!
شوێنپێی ژیان نا،
هی مردن هەڵگرە
ئاوی مردن،
ڕاستگۆترە لە تراویلکەی ژیان!
کاتت بە شیتەڵکردنی هاوکێشەی بوون مەکوژە
کە لە بنەڕەتدا مەتەڵێکی ئاڵۆزە و
تەلیسمێکە ناکرێتەوە!
زۆرانی تر،
زۆر زۆر، کە لە ژماردن نایەن
قیبلەنمای دۆزینەوەی ڕێ دەربازیان هەڵگرت و
نەگەیشتنە هیچ کوێی ژیان!
ڕێگاکانی ژیان،
هەموویان دەچنەوە سەر هەڵدێری مردن
پردەکانی ئومێد،
هەموویان دەتبەنەوە سەر خەرەندی بێهوودەیی!
مەڵێ ژیان سەختە
ڕاستییەکەی، ئەوە نەمردنە قورس
مەڵێ ژیان تاڵە
ڕاستییەکەی، ئەوە شیرینیی مەرگە،
لەبن ددانی تامەزرۆییدا،
خۆیمان لەبەر چاو دەخات!
گەیشتن بە مەحاڵەکانی ژیان ئاسانە
ئەوەیان ئەستەمە،
دەستت بە مەحاڵی مەرگ ڕاناگات!
ژیان ماف نییە،
جەبرە و خراویتە ژێر باریەوە
مافی خۆت لە چنگی مەرگ دەربێنە
قەدی تەمەنت بە تەوری مردن بسپێرە
کە ڕەگەکانی یادەوەریت،
لەناو بیابانی وشکی ژیاندا کرمێ بوونە!
تۆ هەڕەشە نیت بەسەر ژیانەوە
نا، بەندیی ئەویت
بە پیربوون،
بە کەنەفتبوون،
بە زەلیلبوون بەدەم تەمەنەوە مەحکوومیت
پەناهەندەیەکی ناو جەنگەڵستانی بوونیت و
پەناگەی مەرگت بۆ نادۆزرێتەوە!