پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەنجامی دەنگدانی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامە.
پاش كەمێكی دیكە جیاكردنەوەی دەنگەكانی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی دێت و تا ئێستا لەسەدا 98ی دەنگەكان جیاكراونەتەوە.
هەروەها بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامی دەنگەكانی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی رادەگەیەنرێن.
لە 14هەمین كۆنگرەی پارتیدا، ناوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گۆڕدرا بۆ كۆمیتەی ناوەندی و بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراو كۆمیتەی ناوەندی لە 51 ئەندام لەگەڵ نۆ ئەندامی یەدەگ پێك دێت.
لە دووەم رۆژی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، لەسەر پێشنیازی سەرۆك مەسعود بارزانی و بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، هەر یەك لە فازڵ میرانی، مەحموود محەمەد، عیزەددین بەرواری، عەبدولموهەیمن بارزانی، ئازاد بەرواری، كەمال كەركووكی، هوشیار زێباری، فوئاد حوسێن، زەعیم عەلی و عارف تەیفوور راستەوخۆ بوون بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی .
كارەكانی 14هەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 3-11-2022 لە شاری دهۆك دەستی پێ كرد كە تیاییدا سەرۆك مەسعود بارزانی بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە و هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جێگرانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردران.