حكومه‌تی سوید راگرتنی هه‌موو په‌یوه‌ندی و پاڵپشتییه بێ مه‌رجه‌كانی بۆ یه‌په‌گه و په‌یه‌ده له رۆژئاوای كوردستان راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی نوێی ئه‌و وڵاته بۆ ئه‌ندامبوون له ناتۆ.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (5ی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، تۆبیاس بیلستروم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاشكرایكرد، حكومه‌تی نوێی سوید هه‌موو پاڵپشتییه بێ مه‌رجه‌كانی بۆ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) و پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده) له رۆژئاوای كوردستان راده‌گرێت.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش پێش سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئۆلف كریسته‌رسۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید بۆ ئه‌نقه‌ره دێت، كه بڕیاره له (8ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ئه‌نجامی بدات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ توركیا سه‌باره‌ت به پرسی به ئه‌ندامبوونی سووید له ناتۆ.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ هه‌یه له نێوان هه‌ریه‌كه له یه‌په‌گه و په‌یه‌ده له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، كه له لیستی تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وروپادایه، بۆیه به‌لامانه‌وه گرنگه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ناروونمان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو رێكخراوه‌دا نه‌بێت”.
زیاتر گوتی، وڵاتی سوید پێویستی به په‌یوه‌ندییه‌كی باش هه‌یه له‌گه‌ڵ توركیا، بۆیه ده‌مانه‌وێت له مه‌ودایه‌كی دووربین له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره رێكخراوانه.
یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)، باڵی چه‌كداری پارتی یه‌كێتی دیموكرات له رۆژئاوای كوردستان و به بڕبڕه‌ی پشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات داده‌نرێن، كه له ساڵی 2014ه‌وه دامه‌زراون و له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پشتیوانی سه‌ربازی ده‌كرێن.
مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆی رابردوو، هه‌ردوو وڵاتی سوید و فنله‌ندا بۆ ئه‌ندامبوون له ناتۆ، رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ توركیا واژووكرد، كه تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی په‌یوه‌ندیدار به هێزه كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، سوید و فنله‌ندا، جه‌خت له‌سه‌ر ناساندنی په‌كه‌كه وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌كه‌نه‌وه و به‌ڵێن به ئه‌نقه‌ره ده‌ده‌ن هیچ پشتیوانی و پاڵپشتییه‌كه‌ی په‌یه‌ده – یه‌په‌گه نه‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها پۆلیسی هه‌ردوو وڵاته‌كه هه‌موو چالاكییه‌كی په‌كه‌كه له وڵاته‌كانیان قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن و هه‌موو لقه‌كانی رێكخراوه‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه داده‌خه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، توركیا داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی زیاتر له 70 داواكراوی وڵاته‌كه‌ی له سوید كردووه كه تاوه‌كو ئێستا چه‌ند كه‌سێكی راده‌ستی ئه‌نقه‌ره كردووه‌ته‌وه.