لە شاری سلێمانی یادی 32 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەند و شاعیر حەمەساڵح دیلان كرایەوە و چەند بەرهەمێك پێشكەش كران.
گروپی هونەری كوردستان بە هاوكاریی دامەزراوەی كەریمی عەلەكە، یادی 32 ساڵەی كۆچی دوایی محەمەد ساڵح دیلانیان كردەوە.
حەمەساڵح دیلان، ناوی تەواوی (محەمەد ئەحمەد ساڵح قادرە) لە ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، سەرەتاكانی قۆناغی خوێندنی لە مزگەوتی بابەعەلی دەست پێ كردووە و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی خالدیەدا تەواو كردووە، تاكو پۆلی سێیەمی ناوەندی خوێندووە.
دیلان لە تەمەنیكی لاوێتیدا ئارەزووی نوسینی شیعر و مەقامبێژی لا دروست بووە و لە تەمەنی (21) ساڵاندا شیعری بڵاوكردۆتەوە، شیعرە نیشتمانییەكانی رۆڵێكی گەورەیان هەبووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری تاكی كورد، لە ساڵی 1987 دیوانە شیعرییەكەی چاپكراوە. دیلان رۆژی 28/10/1990 لە تەمەنی (63) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
هونەرمەند خالید سەركار كە لە ساڵانی حەفتاكاندا لەنزیكەوە بینیویەتی بە (هەولێر)ی راگەیاند “بەرهەمەكانی مامۆستا دیلان لەڕووی تۆماركردن باش نین، بۆیە لە حەفتاكاندا جارێك بینیم وتم مامۆستا پێمان باشە وەك تیپی موزیكی سلێمانی بەرهەمەكانت بۆ تۆمار بكەین، بەڵام دیار بوو پێی خۆش نەبوو، وتی راستە دەنگم خۆشە، بەڵام گۆرانیبێژ نیم و شاعیرم”.
خالید سەركار ئاماژەی بەوەكرد “وەك ویستومە لەو ساڵانەشدا كە لە ماڵەكان بانگهێشت دەكرا هاوڕێكانی دەیانزانی دەنگی خۆشە و حەزیشی نەكردووە بەرهەمەكانی تۆمار بكرێت، ئەوانیش بە نهێنی تۆماریان كردووە، بۆیە بەرهەمەكانی لەڕووی كوالێتییەوە باش نین، بەڵام وەك دەنگ لە مەقامات زۆر باشبووە و توانیویەتی گۆڕانكاری باشیش بكات”.
لە مەراسیمی یادی دیلان، پێشەنگ غەفور كە دەنگی لە دەنگی دیلان نزیكە چەند بەرهەمێكی وتەوە، پێشەنگ غەفور بۆ (هەولێر) رایگەیاند “دەنگی رەسەن ئەو دەنگانەن كە تەعبیرە لەو نەهامەتییانەی بەسەر میللەتەكەیدا هاتووە، كوردیش لەوەی كوردە هەر زوڵمی لێدەكرێت، بۆیە دەنگی مامۆستا دیلان تەعبیرە لە ئێش و ئازاری میللەتی كورد، منیش لە منداڵییەوە دەنگیم بەر گوێ كەوتووە هەستمكرد دەنگێكی سیحراوی و جیاوازە، هەر بۆیە لەگەڵ شیعر و گۆرانی و كەسایەتییەكەی ئاوێتە بووم”.
پێشەنگ وتی “لە ماوەی رابردوودا بەرهەمێكیم بەناوی (بەردە قارەمان) وتۆتەوە و چاوەڕوانم كلیپی بیكەم و كار لەسەر هەندێك بەرهەمی دیكەشی دەكەم، بەڵام وەك خۆم حەزم لە دەركەوتن نییە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد “دەبیستم كە هەندێك لەو گۆرانیبێژانەی تازە دەست بە گۆرانی وتن دەكەن بەرهەمی مامۆستا دیلان دەڵینەوە، بەڵام بەداخەوە دەیشێوێنن، چونكە هونەر بەرپرسیارێتییە و ئەگەر كەسێك لە توانایدا نەبوو نەیكات باشترە”.