سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

(دیموكراسی لە وڵاتی فرەنەتەوەدا)

رۆژی 29-10-2022 لەمەڵبەندی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی پیرخدری شاهۆ لە سلێمانی بە ئامادەبوونی  ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری مەڵبەندی سادات و ژمارەیەكی بەرچاو لە رۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی و شێخانی  تەریقەت، میدیاكار و رۆژنامەنووس (بەرهەم شێخ عێزەدین) لە رێوڕەسمێكدا چوارەم بەرهەمی خۆی بە ناونیشانی (دیموكراسی لە وڵاتی فرەنەتەوەدا) ناساند و بە دیاری پێشكەشی ئامادەبووانی كرد و لە كۆتاییدا سوپاسی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری مەڵبەندی سادات و ئامادەبوانی كرد بۆ پێشوازی و پیرۆزبایییان. 

هەروەها گوتیشی: خوا یار بێت بە نیازم لە ماوەیەكی نزیكی تردا لە میدیا سەنتەر لە شاری هەولێری پایتەخت لە رێوڕەسمێكدا ئەم كتێبە بە دیاری پێشكەش بە هەوادارانی قەڵەم و نووسەران و رۆژنامەنووسانی هاوكارم  بكەم. 

(دیموكراسی لە وڵاتی فرەنەتەوەدا)

(دیموكراسی لە وڵاتی فرەنەتەوەدا) چوارەم بەرهەمی چاپكراوی رۆژنامەنووس و میدیاكار بەرهەم شێخ عێزەدینە؛ ئەم كتێبە 22 نووسەر بەشدارییان تێدا كردووە؛ برای رۆژنامەنووس، لە ساڵی 2009وە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەم كتێبەیە، كە تێیدا باس لە دیموكراسی و مەهامی دیموكراسی دەكات لە وڵاتێك كە پرسی تەوافوق و سازان، ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت؛ دەوڵەتی عێراق (وەك نموونە). 

شایانی باسە ئەو كتێبە لە 230 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێك هاتووە، لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمدا ژمارەسپاردنی (930) پێ دراوە. 

كتێبەکە لەو رۆژانەدا كەوتە بەر دەست و دیدەی  خوێنەران. وەك برای رۆژنامەنووسیش گوتی: ئەمە چوارەمین بەرهەمی چاپكراومە و  كتێبێكی ترم ئامادەی چاپە. ئێمەش دەڵێین پیرۆزە و خەرمان بەرەكەت. 

كورتەیەك لە ژینامەی رۆژنامەنووس:

بەرهەم عێزەدین حەسەن

* رێکەوتی 7/7/1980 لە گوندی عەواڵانی ناحیەی سورداشی قەزای دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایك بووە؛ ساڵی1999دەستی كردووە بە كاری ڕۆژنامەوانی و، لە زۆر كەناڵ و دەزگادا كاری رۆژنامەوانی  كردووە.

ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (هۆنیا) و سەرنووسەری گۆڤاری (ئەزمەڕ) و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری (وەبەرهێنان) و جێگری سەرنووسەری گۆڤاری (چرپە) بووە. 

بەرهەم،  10ساڵ پێشمەرگایەتی و 20 ساڵ كاركردن لە ڕێكخراوەكانی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان و چەند ساڵێك وەرزشوان و ماوەی 19 ساڵیشە وەك ڕۆژنامەنووسێكی بوێر و چالاك كار دەكات؛ ئێستا بەرپرسی دوا لاپەڕەی ڕۆژنامەی خەباتە و بەهۆی بارودۆخی سیاسیی كوردستان لە ساڵی 1996وە لە شاری هەولێری پایتەختدا نیشتەجێیە.

بەرهەمە چاپكراوەكانیشی بریتین لە:

* بەشێك لە گوندەكانی كوردستان؛ چاپخانەی شەهاب لەسەر ئەركی كۆمپانیای سام، ساڵی 2014

* کۆمەڵگای مەدەنی لە كوێی هاوكێشەكاندایە. لەسەر ئەركی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری كۆمەڵگای مەدەنی ساڵی 2012

* ئیدارەیەكی دیموكرات و بێ گەندەڵ چۆن دروست دەبێت. رۆژنامەی خەبات چاپی كردووە ساڵی 2007

* دیموكراسی لە وڵاتی فرەنەتەوەدا ساڵی 2022