چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بەفر و باران دەستپێدەکات

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی پێشبینی كردووە كە بەرەبەیانی رۆژی سێشەمە 8-11-2022 نزمە پاڵەپەستۆیەك لەگەڵ بوونی هەوایەكی سارد بگاتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و تا ئێوارەی رۆژی چوارشەمە 9-11-2022 بەردەوامی ببێت .
هەروەها دەڵێت: نزمە پاڵەپەستۆیەكە كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر زیاتر ئەبێت و ئەگەری بارانی بەردەوام و هەندێك كات پچڕ پچڕ ئەبێت بەشێوەیەكی لەسەرخۆ ، بەهۆی ئەو بارستە هەوا ساردەی لەگەڵیدایە پلەكانی گەرما 5 تا 7 پلە نزمدەبنەوە و كەشێكی ساردی لەگەڵدا ئەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێكی مامناوەند لەچیاكان كە بەرزیان زیاترە لە 2400 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ، بەگشتی بۆ ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك و ناوچەكانی گەرمیان كاریگەری لاواز ئەبێت و ئاسمان زیاتر ئەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لەهەندێك كاتدا ئەگەری نمە باران ئەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی كەم لە پلەكانی گەرما بەرێژەی 2 تا 3 پلە .
دەشڵێت: لە دوای ئەم شەپۆلەوە كە تەنها بۆ ناوچە شاخاوییەكانی باكووری هەرێم باش ئەبێت، چەند شەپۆلێكی مامناوەند بۆ بەهێزی بارانبارین لەئارادایە لە ئەگەری جێگیربوونیان بۆ سەرجەم ناوچەكان كاریگەری باش ئەبێت و پشتیوان بەخودا تا كۆتایی مانگ لەزۆرینەی ناوچەكان پەڵەش ئەدات هەر وەك پێشتریش رامانگەیاند لە نزیك ناوەراستی ئەم مانگە بەدواوە بارانبارین لەناوچەكانمان دەستپێدەكاتەوە و زۆر ئەبێتەوە و كۆتایی بەو وشكە ساڵیە دێت كە ماوەی دوو ساڵ زیاترە بەردەوامی هەیە.