چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین له‌مساڵدا گه‌یشته‌ نزیكه‌ی ٣٤ ملیار دۆلار

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و چین گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی ٣٤ ملیار دۆلار و ئاماره‌كان ده‌ری ده‌خه‌ن ته‌رازووی بازرگانی له‌ قازانجی عێراقدایه‌ و هۆكاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ٦٢%ی ئه‌و قه‌باره‌یه‌ له‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئه‌و نه‌وته‌یه‌ كه‌ عێراق هه‌نارده‌ی چینی ده‌كات. هه‌نارده‌ی نه‌وته‌كه‌ لەچاو ساڵی ڕابردوو له‌رووی ژماره‌ی به‌رمیل كه‌می كردووه‌ به‌ڵام له‌ ڕووی به‌های هه‌نارده‌ زیادی كردوو و هۆكاره‌كه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وته‌ له‌مساڵدا.

تێسووی وی، باڵوێزی نوێی چین له‌ به‌غدا رای گه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی زاینییه‌وه،‌ وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق به‌ به‌های ٣٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هه‌بووه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی قه‌باره‌كه‌ لەچاو ساڵی ڕابردوو ٢% زیادی كردووه. ئاماژه‌شی دا چین له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ٣٤ ملیۆن تۆن نه‌وتی له‌ عێراق هاورده‌ كردووه‌.
ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی باڵوێزه‌كه‌ی چین له‌ عێراق خستوویه‌ته‌ ڕوو به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت عێراق ٢٣٨ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی چین كردووه‌ و، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی تێكڕای نرخی نه‌وت له‌مساڵدا به‌ به‌های ٢١ ملیار دۆلار نه‌وتی به‌و وڵاته‌ فرۆشتووه‌.
ئه‌گه‌ر ئاماره‌كه‌ به‌سه‌ر ١٠ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا دابه‌ش بكرێت ئه‌وا به‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ عێراق ڕۆژانه‌ ٨٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌ چین فرۆشتووه‌. ساڵی ڕابردوو، عێراق ڕۆژانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی به‌ چین ده‌فرۆشت و به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ش هه‌نارده‌ی عێراق بۆ چین كه‌می كردووه‌.
ئه‌گه‌ر ٦٢%ی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق پێوه‌ندیدار بێت به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق كه‌ به‌هاكه‌ی ٢١ ملیار دۆلاره‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ١٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاره‌ كه‌ له‌ چینه‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
مانگی ڕابردووش دامه‌زراوه‌ی ناحكومی (عراق مستقبل) ئامارێكی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ باسی له‌ قه‌باره‌ی هاورده‌ی بازرگانی عێراق له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ تا مانگی ئاب ده‌كرد و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوو عێراق له‌ سێ وڵاتی چین و هند و توركیاوه‌ ١١ ملیار دۆلار هاورده‌ی هه‌بووه‌.
هه‌ر به‌ پێی ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ نێو ئه‌م سێ وڵاته‌، چین به‌ دابینكردنی ٥١% له‌ پێداویستییه‌كانی عێراق له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتاندا دێت كه‌ زۆرترین به‌رهه‌می ناردبێت، توركیا به‌ هه‌نارده‌ی ٤٠%ی پێداویستییه‌كانی عێراق له‌ ڕیزبه‌ندی دووه‌م و هیندیش به‌ ٩% له‌ ڕیزبه‌ندی سێیه‌مدا دێت.
زۆرترین ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مه‌ی كه‌ له‌ چینه‌وه‌ بۆ عێراق هاورده‌ ده‌كرێ بریتییه‌ له‌ پێداویستییه‌كانی بیناسازی و به‌ به‌های ٧٨٣ ملیۆن دۆلار بووه‌، زۆرترین جۆری كاڵاش كه‌ له‌ توركیاوه‌ هاورده‌ كرابێت میوه‌ و به‌رهه‌می كشتوكاڵی بووه‌ به‌ به‌های ٣٣٢ ملیۆن دۆلار و له‌ هیندیشه‌وه‌ به‌ به‌های ١٥٩ ملیۆن دۆلار شه‌كر هاورده‌ی عێراق كراوه‌.
ئه‌م سێ وڵاته‌ له‌پاڵ ئێران و ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی به‌ گه‌وره‌ترین وڵاتانی هه‌نارده‌كار بۆ عێراق هه‌ژمار ده‌كرێن. كۆی قه‌باره‌ی ئه‌و كاڵا و شتومه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ كراوه‌ به‌ به‌های ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووه‌ و له‌ ئیماراته‌وه‌ به‌ به‌های ملیارێك و ١٠٠ ملیۆن دۆلار شت به‌ عێراق فرۆشراوه‌.
به‌گوێره‌ی مێدڵست نیوز ئاماری فه‌رمی عێراق ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ عێراق ساڵانه‌ به‌ قه‌باره‌ی ٦٠ ملیار دۆلار هاورده‌ی هه‌یه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ٨٨%ی كۆی هاورده‌ی عێراق له‌م پێنج وڵاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.
پێویسته‌ بگوترێ هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین ده‌روازه‌ بازرگانییه‌كانی عێراق هه‌ژمار ده‌كرێ. چ له‌ توركیاوه‌ و چ له‌ ئێرانه‌وه‌ زۆربه‌ی قه‌باره‌ی هاورده‌ به‌ ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كورستاندا تێپه‌ڕ ده‌بن. قه‌باره‌ی هاورده‌ له‌ توركیاوه‌ نزیك به‌ ته‌واوی قه‌باره‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌ و ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل له‌م ڕووه‌وه‌ پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت.
له‌و ده‌روازانه‌ی له‌ نێوان عێراق و ئێران هه‌ڵكه‌وتوون زۆربه‌ی ده‌روازه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان و پێشتریش به‌رپرسانی ژووری بازرگانی عێراق و ئێران باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ٦٠%ی ئه‌و قه‌باره‌یه‌ به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت. به‌شێكی به‌رچاو له‌و كاڵایانه‌ش كه‌ هاورده‌ی عێراق ده‌كرێن به‌ تایبه‌تی له‌ چین و ئیمارات و وڵاتانی كه‌نداو له‌ ڕێی سنووری ئاوییه‌وه‌یه‌ له‌ باشووری عێراق.