دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەستی پێ کرد

ئەمڕۆ هەینی 04ـی 11ـی 2022 دووەم ڕۆژی چواردەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی کە بڕیاردرا بە گۆڕینی ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بۆ کۆمیتەی ناوەندی و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کۆمیتەی ناوەندی کرایەوە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەستی پێ کرد.

دەنگدانەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و تێیدا 51 ئەندام هەڵدەبژێردرێن و 9 ئەندامی یەدەگیش دەبێت.

لەسەر پێشنیازی سەرۆک بارزانی و بە دەنگی تێکڕای ئەندامانی کۆنگرە، بڕیار درا، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود محەمەد، ڕێبوار یەڵدا، کەمال کەرکووکی، زەعیم عەلی، عەبدولموهەیمەن بارزانی، کەریم شەنگالی، فوئاد حوسێن، سەڵاح دەلۆ و عارف تەیفوور ڕاستەوخۆ بە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەستنیشان کران.

ھەواڵی زیاتر