تێپەڕاندنی شوناسی لاوازی

د.ڤیان سلێمان

بە درێژایی مێژوو هەوڵ دراوە ئافرەت وەک ڕەگەزی لاواز و کەم هۆش پیاویش هۆشمەند و بەهێز و بەتوانا نیشان بدرێ، ئەوەش لە ئەنجامی ڕوانگەی پیاوسالاری و خاوەنداری پیاو لە ئابوری و پشتگیری فاکتەرە کاریگەرەکان لە باڵادەستی پیاو.
بەشێوەیەک تەواوی کایەکانی زانست، فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری بەدەستی پیاو بووە، هەموو ئەوانە پێگەی پیاویان بەراورد بە ئافرەت بەهێزتر کردووەو هێزی بڕیاریان لە بواری تایبەت و گشتی بە پیاو داوە.
ئەوەش تێگەیشتنێکی پێشداوەری بۆ توانای ئافرەت دروست کردووە و بێ هیچ ئارگۆمێنتێکی لۆژیکی ئافرەت بە لاواز و بێ دەسەڵات پێناس کراوە، ئەو بارودۆخە دروستکراوی کۆمەڵایەتیی و ئایدۆلۆژییە نەک ڕاستی سیستەمی ژیان. هاوکات لە تەواوی جیهاندا ئافرەت هەمان بارودۆخ و پێگەی نایەکسانی هەبووە. سۆجۆنەر تروس( ) کە ئافرەتێکی ڕەشپێستی ئەمەریکی و یەکێک لە کۆیلەکان بوو(١٩٧٩-١٨٨٣)، لە گوتاری مەگەر من ئافرەت نیم، لە کۆنگرەی ئۆهایو بۆ مافەکانی ئافرەت ساڵی ١٨٥١، بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش ئەو پاساوانە ڕوون دەکاتەوە کە بەهۆیانەوە ئافرەت لە مافی یەکسان بێبەش کراوە و بەڵگەی نادروستییان دەخاتەڕوو، سۆجۆنەر دەڵێت: ” پیاوان دەڵێن کە ئافرەتان کاتی سواربوونی گالیسکە، یان پەڕینەوە لە جۆگە، پێویستییان بە یارمەتی هەیە و هەمیشە دەبێت باشترین شوێنیان بۆ ژیانکردن هەبێت، من سواری گالیسکەش بووم و لە جۆگەش پەڕیومەتەوە و کەسیش یارمەتی نەداوم، هەرگیزیش شوێنی باشم بۆ ژیانکردن نەبووە، مەگەر من ئافرەت نەبووم؟!. سەیرم کەن، سەیری بازووەکانم کەن، زەویم کێڵاوەو چاندوومە، بەروبوومەکەشم لە کۆگاکان کۆکردۆتەوە، هیچ پیاویکیش ڕێنوێنی نەکردووم، ئایا من ئافرەت نیم؟ دەتوانم ئەوەندەی پیاو کار بکەم و خواردن بخۆم(ئەوە ئەگەر خواردنم دەست بکەوێت)، هەروەها بەرگەی لێدانی قورسیشم گرتووە، بۆ من ئافرەت نیم؟ سیانزە منداڵم بە دنیا هێناوە، زۆرینەیانم دیت کە لە بازاڕی کۆیلەدا فرۆشران، کاتێک بەکوڵ بۆیان دەگریام، کەس گویی لێم نەبوو جگە لە مەسیح، ئەی من ئافرەت نیم؟ کاتێ قسە لەسەر ئەو شتە دەکەن کە لە سەردایە، چی پێ دەڵێن؟ یەکێک لە ئامادەبووان وەڵامی دایەوە، (ئەقڵ) باشە ئازیزم، زیرەکی حەقی بە مافی ئافرەت و کۆیلەوە چییە، ئەگەر کاسەکەی من نیوەی کەم بێ و کاسەکەی تۆش زیاتری تێدا بێت، ئایا دڵرەقی نییە، کە ڕێگەم پێ نەدرێ نیوەکەی خۆم پڕ کەم؟! ئەو پیاوەی کە ڕەشی پۆشیوە پێی وایە کە ئافرەتان نابێت وەک پیاوان مافیان هەبێت، چونکە مەسیح ئافرەت نەبووە، ئایا مەسیح لە کوێوە هاتووە، لە بەخششی خودا و ئافرەت نەبێ؟!.
ئەگەر یەکەمین ئافرەتێک کە خودا خوڵقاندوویەتی، بەو ئاستە بەهێز بووبێت کە دونیای سەرەوژوور کردبێت، کەواتە ئەو ئافرەتانە پێکەوە دەتوانن ژیان سەر لە نوێ بۆ جێگەی ڕەسەنی خۆی بگەڕێننەوە، ئێستە کە ئەوان خوازیاری ئەوەن، باشتر نییە کە پیاوان ڕێگەیان پێ بدەن( )”.گوتارەکەی سوجەنەر ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئافرەت بوو و بە ڕادەیەک کاریگەری هەبووە کە لەلایەن ئامادەبووان
پێشوازی گەرمی لێکرا.
لە بنەڕەتدا ژیان لەسەر بنەمای هاوتایی ڕۆڵی هەردوو ڕەگەز دروست بووە.
ئافرەت لە زۆر بواردا ڕۆڵی لە پیاو زیاتر بووە و ئەرکی قورستری لە ئەستۆ بووە. هیچ تێز و ڕوانگەیەکی زانستی ئەوە ناسەلمێنێت کە پیاو لە ئافرەت ژیرتر و بەتواناترە، ئافرەت مرۆڤی خاوەن ئیرادە و دونیابینی و هێزی لۆژیک و فەسلەجی تایبەت بە خۆیەتی و هیچ ڕەوا نییە کاروبار و چارەنووسی لە دەستی پیاو بێت!.
ئافرەتی کورد بەدەرنەبووە لەو بارودۆخە جیهانییە، سەرچاوە مێژووییەکان ڕۆڵی بەهێزی ئافرەتی کورد و پێگەی بەرزی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەسەلمێنن، تەنانەت کەم نەتەوەی دیکە هەیە هێندەی نەتەوەی کورد لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا ئافرەتی بەهێز و ناوداری تێدا دەرکەوتبێ!.
لە شۆڕشەکانی گەلی کوردستان ئافرەتی کورد هاوشانی پیاو شۆڕشگێڕ بووە و لە بواری فەرهەنگی و کولتوریش سەرچاوەکان دەڵێن، کە ئافرەتی کورد لە ئافرەتی نەتەوەکانی دیکە ئازادتر بووە، لە مەزرا و کێڵگەکان ئافرەتی کورد هاوتای پیاو بەشداری کاری کردووە و لە دەشت و دەر دەرکەوتووە، ئافرەتانێک بە تەنها و بێ هاوکاری پیاو خێزانیان بەڕێوە بردووە، ئافرەتانی دیکە ستونی سەرەکی ڕاگرتنی خێزان بوون، تەنانەت ئافرەتی کورد دەسەڵاتدار و میر بووە.
سەرەڕای ئەو مێژووە پرشنگدار و کولتورە ڕەسەنە، لەژێر کاریگەری کولتوری نەتەوەکانی باڵادەستی دەوروبەر، هەروەها بەهۆی هزری ئایدۆلۆژی و پیاوسالاری و خێڵەکی زادەی هەڵکەوتەی جوگرافی نەتەوەی کورد، ئافرەتی کوردیش کەوتۆتە ژێر چەوسانەوە و ستەمی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی لە چوارچێوەی ماڵ قەتیس کراوە، ئافرەتی کورد ڕووبەڕووی توندوتیژی هزری پیاوسالاری و نەریتگەرایی بووتەوە و لەو ڕێگایەدا قوربانی زۆری داوە، لەو چوارچێوەیەشدا وێناکردنی ئافرەت وەک ڕەگەزی لاواز بووە بە شوناس و بەشێک لە مێژووی ئافرەتی کورد. بەشێوەیەک ئەو باوەڕە لە هزری خودی ئافرەتیشدا چەسپێنراوە و تا ئێستاش بەشێک لە ئافرەتان پیاو لە سەروی خۆیانەوە دەبینن.
لەمڕۆدا و لە ئاکامی شۆڕشی پیشەسازی و بیری مۆدێرن و پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆجییەکان، پێگە و ڕۆڵی ئافرەت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو خودی ئافرەتیش بزوێنەری ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەیە.
هەوڵ و تێکۆشانی ئافرەت بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی بەدرێژایی مێژوو بەردەوامی هەبووە و لە هیچ قۆناغێکدا ئافرەتان بەرامبەر ستەمی پیاوسالاری دەسەوەستان نەبوون، ئافرەتی کوردیش هاوشێوەی ئافرەتانی جیهان لە بزاڤی بەردەوامدایە بۆ گەڕانەوەی بەها و پێگەی مرۆڤانە و یەکسان بەرامبەر ڕەگەزەکەی دیکەی کۆمەڵگە، لە ئێستاشدا بەشێوەیەکی بەرچاو هەوڵی ئافرەت لە سەرجەم بوارەکان بۆ خۆسەلماندن دەبینرێ، هاتنەمەیدانی ئافرەت و ململانێی ڕەگەزی بەرامبەر لە بواری سیاسی و ئابوری، بەشداری بەرچاو لە سەرجەم کایەکان، بەدەنگ هاتنی ئافرەت لە ئاست توندوتیژییە خێزانییەکان و پەنابردن بۆ یاسا، بە دڵنیاییەوە ڕەدکردنەوەی هزری پیاوسالارییە، قبوڵنەکردنی لاوازی و بێ دەسەڵاتی و ژێردەستەییە، خۆبەیەکسان زانین و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە، هەربۆیە بە گەشبینییەوە دەتوانم بڵێم:
ئافرەتی کورد قۆناغی زەعیفەیی و لاوازیی، پلەدوویی و ژێردەستەیی تێپەڕاندووە و بەرەو یەکسانی و بەدەستهێنانەوەی ئەو پێگە ڕەسەنەی کە لە قوڵایی مێژووی گەلی کورددا هەیبووە هەنگاوی زۆری بڕیوە، بەڵام پێویستی بە ئیرادە بەرزی و کۆششی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەش هەم یەکگرتوویی لە نێوان خودی ئافرەت هەم پشتیوانی پیاوی یەکسانیخواز پێویستە.

ھەواڵی زیاتر