هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مه‌حموود محه‌ممه‌د: 41 ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێن

مه‌حموود محه‌ممه‌د ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، 10 كه‌س له‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی راسته‌وخۆ بوونه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و 41 ئه‌ندامی دیكه‌ بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌وه‌ دیاریده‌كرێن.

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌ممه‌د، عزه‌ددین به‌رواری، عه‌بدولموهه‌یمن بارزانی، ئازاد به‌رواری، كه‌مال كه‌ركووكی، هوشیار زێباری، فوئاد حوسێن، زه‌عیم عه‌لی و عارف ته‌یفوور) به‌ پشتگیری سه‌رۆك بارزانی بوون به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی.

مه‌حموود محه‌ممه‌د روونیكرده‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ کەریم شنگالی و سه‌ڵاح ده‌لۆش ناویان له‌و لیسته‌دا هه‌بوو به‌ڵام به‌هۆی دۆخی ته‌ندروستیانه‌وه‌ داوای لێبوردنیان كرد و كشانه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا روونیكرده‌وه‌، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسه‌كه‌ش چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌زووترین كات هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌نجامه‌كان ئاشكرابكرێن و كۆتایی به‌كاره‌كانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی بهێندرێت.

رۆژی (3ی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری دهۆك به‌ به‌شداری نزیكه‌ی هه‌زار ئه‌ندام ده‌ستی به‌كاره‌كانیكرد.

له‌ رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌دا به‌ تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتییه‌وه‌ به‌ جێگرانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردران.

كاره‌كانی رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ پێكهینانی لیژنەکانی پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، راپۆرتی سیاسی و سکاڵا و پێشنیار، كۆتاییهات كه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ك له‌ 10 ئه‌ندام پێكهاتبوو.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (4ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ رۆژی دووه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتی، په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پارتی په‌سه‌ندكرا كه‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی له‌ ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌خۆگرتبوو.

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی رۆژی دووه‌می كۆنگره‌دا، 76 كه‌سایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌، وه‌ك رێزلێنان له‌ رۆڵ و خه‌باتیان، میدالیای بارزانییان پێبه‌خشرا.

له‌ كۆتایی كاره‌كانی رۆژی دووه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتیشدا، پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.