پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: ئامانجی سه‌ره‌كی پارتی سه‌رخستنی پرسی كورده‌ نه‌ك ئایدۆلۆژیاییه‌كی تایبه‌ت

ئه‌ندامێكی كۆنگره‌ی 14ی پارتی ئاشكرایكرد، پارتی بڕیاریداوه‌ نه‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ هیچ گروپێكی ئایدۆلۆژی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ئامانجی سه‌ره‌كیشی سه‌رخستنی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌یه‌تی.

دلاوەر ئاژگەیی، ئەندامی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ به‌شداربوونی پارتی له‌ كۆمه‌ڵه‌ و گروپه‌ ئایدۆلۆژییه‌كانی جیهان و پارتی وه‌ك حزبێكی داكۆكیكار له‌ پرسی گه‌لی كورد درێژه‌ به‌ خه‌باتی خۆی ده‌دات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی یه‌كه‌مینجار له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لا موسته‌فا بارزانی ده‌ستیپێكرد و رۆژ له‌ دوای رۆژیش فراوانتر بووه‌.

ئاژگه‌یی روونیكرده‌وه‌، به‌هۆی كاریگه‌ری و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوانی پارتی، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی خوێندنه‌وه‌ بۆ پارتی ده‌كرێت و چه‌ندین گروپی جیهانی وه‌ك دیموكراته‌كان، سۆشیالیسته‌كان، لیبڕاڵه‌كان و ئه‌وانی دیكه‌ش داوایان له‌ پارتی كردووه‌ ببێته‌ ئه‌ندام له‌ كۆمه‌ڵه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڵام پارتی بڕیاریداوه‌ نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ هیچ ئایدۆلۆژییه‌ك.

زیاتر گوتی، ئامانجی سه‌ره‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رخستنی پرسی گه‌لی كورده‌ نه‌ك ئایدۆلۆژییه‌كی تایبه‌ت.

رۆژی (3ی تشرینی یه‌كه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری دهۆك به‌ به‌شداری نزیكه‌ی هه‌زار ئه‌ندام ده‌ستی به‌كاره‌كانیكرد.

له‌ رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌دا به‌ تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتییه‌وه‌ به‌ جێگرانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردران.

كاره‌كانی رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ پێكهینانی لیژنەکانی پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، راپۆرتی سیاسی و سکاڵا و پێشنیار، كۆتاییهات كه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ك له‌ 10 ئه‌ندام پێكهاتبوو.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (4ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ رۆژی دووه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتی، په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پارتی په‌سه‌ندكرا كه‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی له‌ ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌خۆگرتبوو.

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی رۆژی دووه‌می كۆنگره‌دا، 76 كه‌سایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌، وه‌ك رێزلێنان له‌ رۆڵ و خه‌باتیان، میدالیای بارزانییان پێبه‌خشرا.

له‌ كۆتایی كاره‌كانی رۆژی دووه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتیشدا، پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌چوو.