شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان پاش کۆتاییهاتنی کۆنگرە سەردانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەکات.
هۆشیار سیوەیلی، ئەندامی کۆنگرەی 14ـی پارتی لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لە دهۆک راگەیاند، دوای تەواوبوونی کۆنگرە، شاندێكی باڵای حزبی پێکدەهێنرێت و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
مانگی رابردوو، پێش دەستپێکردنی کۆنگرە، لە درێژەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا، شاندی وەزاری پارتی، لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی چەند لایەنێکی دیکەی کوردستان کۆبووەوە.
هۆشیار سیوەیلی باسی لەوەشکرد، چاوەڕێ دەکات پارتی لەگەڵ لایەنەکان نەرمی بنوێنێت، بەڵام دەبێت لایەنەکانی دیکەش هاوکار و هەماهەنگ بن، چونکە چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو ئەندامەی کۆنگرەی 14ـی پارتی گوتیشی: یەکێتی لایەنێکی گرنگی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستانە و هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەندێك کێشە هەیە کە قابیلی چارەسەرن، ئەگەر نیاز پاکی هەبێت، دەکرێت لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوین، بەڵام ناکرێت لایەنێکی سیاسی بەشداری لە حکومەتدا بکات و لە هەمانکاتدا وەک ئۆپۆزیسیۆن مامەڵەبکات.
دوێنێ پێنجشهممه (3ی تشرینی دووهم/ نۆڤێمبهری 2022) کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد و تێیدا، متمانه به سهرۆك بارزانی بهخشرایهوه و دواتر سهرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی پێشنیاز كرد بۆ ئهوهی وهك جێگری سهرۆك متمانهی پێ ببهخشرێت و پاشان، ئهویش داوای له كۆنگره كرد، متمانه به مهسرور بارزانی ببهخشرێت وهك جێگری سهرۆك.