پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕانكاری له‌ ئۆرگانه‌كانیدا ده‌كات

به‌گوێره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ كۆنگره‌ی 14دا په‌سه‌ندكرا، چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی نوێ له‌ ئۆرگانه‌ حزبیه‌كانی پارتی ئه‌نجامدراوه‌، له‌وانه‌ گۆڕینی پۆستی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌ بۆ ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی.

یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی دموكراتی كوردستان بۆ گۆڕانكاری له‌ ئۆرگانه‌كانی پارتیدا، بریتی بوو له‌ گۆڕینی ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، كه‌ له‌ 51 ئه‌ندام پێكدێت و نۆ ئه‌ندامی یه‌ده‌گیشی ده‌بێت.

هه‌روه‌ها كۆنگره‌ی 14ی پارتی بڕیاریداوه‌، پۆستی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی نه‌هێڵێت و له‌بری ئه‌و ده‌سته‌ی كارگێڕی له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسییدا دیاری بكات كه‌ له‌ چوار ئه‌ندام و به‌پرسی ده‌سته‌كه‌‌ پێكدێت.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، به‌پێی په‌یڕه‌و و پرۆگرامی په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی14ی پارتی، 15 تا 17 ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێن و پێنجیان ده‌بنه‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و یه‌كێك له‌و پێنج كارگێره‌ش ده‌بێته‌ به‌رپرسی ده‌سته‌كه‌‌.

هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ له‌ گۆڕانكاییه‌كان له‌ ئۆرگانه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ كۆنگره‌ی 14دا په‌سه‌ندكراوه‌، ئەنجوومەنی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان دەبێتە مەکتەبی رێکخستنی پارێزگاكان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا روون نه‌بووه‌ته‌وه‌، مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی له‌ پارێزگای دهۆك پێكده‌هێندرێت یاخود نا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی نه‌بووه‌.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی، ئۆرگانێکی نوێ دروست دەکرێت بەناوی مەکتەبی تێکۆشەرە دێرینەکان، كه‌ هەموو ئەوانه‌ی له‌ رابردوودا لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، حکومەت، پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی پارتییان كردووه‌، ده‌ینه‌ ئه‌ندامی ئه‌و مه‌كته‌به‌ و هه‌موو سێ مانگ  جارێك کۆدەبنەوە و سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ئەدای کادیرانی پارتی لە حزب، حکومەت و پەرلەمان بۆ سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی ده‌خه‌نه‌ڕوو