بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێکى باڵای حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چەند پرسێکى گرنگ سەردانى بەغدا بکات.
ئەمڕۆ هەینی ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە میانى لێدوانێکى ڕۆژنامەنووسیدا، ئاشکراى کرد کە ڕۆژى سێشەممە یان پێنجشەممەى هەفتەی داهاتوو، لەسەر ڕاسپاردەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، شاندێکى وەزارى سەردانى بەغدا دەکەن.
گوتیشى ئامانجى سەردانەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەى کە لیژنەى حزبە سیاسییەکانى کوردستان بەتایبەت پارتى و یەکێتى لەگەڵ لایەنە شیعى و سوننییەکان کردبوویان کە مافگەلێکى کوردى تێدایە و لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر دراوە.
باسى لەوەش کرد کە هاوکات یەکێک لە خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە ناردنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستانە بۆ هەردوو مانگى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەمن بەڵام بۆ ساڵى نوێ دەبێت ڕێککەوتنى دیکە لەو بارەیەوە بکرێت بەتایبەت کە بڕیارە ئەمساڵ بەهاوبەشى پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى 2023 ئامادە بکەین.