ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی، رێکاری نوێی پرۆسەی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی لە دۆسیەی بردنی پارەکانی دەستەی گشتیی باجەکان راگەیاند، کە بە “دزی سەدە” ناسراوە. بەپێی رێککارەکە زیاتر لە 3.6 ملیار دینار و بەهای پشکەکانی تۆمەتبارەکان لە بانکەکاندا بلۆک کراوە. لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 55 خانووی تۆمەتباران.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی رێکاری دیکەی گرتووەتەبەر لە بەرامبەر ژمارەیەک تۆمەتباری دۆسیەی دەستەی گشتیی باجەکان. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامە بۆ دیاریکردنی لایەنی دیکەی کەمتەرخەم، کە ئاسانکارییان کردووە، تاوەکو دەست بەسەر ئەو پارەیەدا بگیرێت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دەڵێت، لەو چوارچێوەیەدا دەستگیراوە بەسەر 55 خانوبەرە لە بەغدا. گەڕان و پشکنین بەدوای خانووبەرەی دیکە لە پارێزگاکانی دیکە بەردەوامە. هەروەها پشکی دارایی تۆمەتبار و خێزانەکانیان کە، بلۆک کراوە 167 ملیار و 650 ملیۆن دینارە. لەگەڵ پارەی کاش کە بڕەکەی 108 ملیار دینارە. هەروەها پشکێکی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە کە بەهاکەی 100 ملیار دینارە لە یەکێک لە مۆڵە بازرگانییەکانی بەغدا.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمانگەى یاسایی بانکى ناوەندى، کە ئاراستەى سەرجەم بانکەکانى عێراقى کردووە، داوا دەکات بە شێوەیەکى کاتى پارەى گواستراوە و نەگواستراوەى هاوژین و منداڵەکانى چوار سەرمایەدار بلۆک بکەن، کە تۆمەتبارن بە بردنى 2.5 ملیار دۆلار لە هەژمارى بانکى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باجى عێراق لە بانکى رافیدەین، کە بە “دزى سەدە” ناوى دەرکردووە.
بەگوێرەى نووسراوەکە، کە لە 31ى تشرینى یەکەم دەرچووە، ئەو سەرمایەدارانەى پارەى هاوژین و منداڵەکانیان بلۆک دەکرێن، پێکهاتوون لە حوسێن بریفکانى، بەڕێوەبەرى رێگەپێدراوى کۆمپانیاى ریاح؛ محەممەد جەنابی، بەڕێوەبەرى رێگەپێدراوەى کۆمپانیاى قانت؛ عەبدولمەهدى تۆفیق، بەڕێوەبەرى رێگەپێدراوى هەردوو کۆمپانیاى حوت ئەلئەحدەب و بادیەت ئەلسەما و نوور زوهێر، بەڕێوەبەرى رێگەپێدراوى کۆمپانیاى موبدیعون.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، “ئەو کەسانەى پارەى هاوژین و منداڵەکانیان بلۆک کراوە، تۆمەتبارى سەرەکیى دۆسیەی دزینى 2.5 ملیار دۆلارەکەن و رەنگە کەسانى دیکەشی بەدوادابێت و ئەوانەى دەستگیرکراون دانپێدانانیان هەبێت لە دژى کەسانى دیکە، کە لەو دۆسیەیەوە گلاون.”
پێشتر لە 26ى تشرینى یەکەمى 2022 بانکى ناوەندى بڕیاری دا بە شێوەیەکى کاتى پارەى ئەو چوار خاوەنى کۆمپانیایە لە بانکەکانى عێراق بلۆک بکات.
ئەو کۆمپانیایانە تۆمەتبار کراون بەوەى لەنێوان مانگى ئەیلوولى 2021 تاوەکو ئابى 2022 بڕى 2.5 ملیار دۆلاریان لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باجى عێراق بردووە، بەبێ ئەوەى پارەیان لەو هەژمارە هەبووبێت.