ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت، لە کۆنگرەی 14 “گۆڕانکاریی گەورە” لە پەیکەربەندیی پارتی روودەدەن و پێشیوایە “کەموکوڕییەکی زۆر” لە سیستمی کاری ئەواندا هەیە بە تایبەتی مووچە و ئیمتیازاتی کادرەکانیان، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لەو کۆنگرەیە ئەو بابەتە باس بکرێت و چاکسازییەکی باش لەو سیستمەدا بکرێت.
دوای تێپەڕینی 12 ساڵ لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 13، ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022 بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆنگرەی 14ی پارتی دەستی بە کارەکانی کرد و زیاتر لە 1000 کەس ئەندامی کۆنگرەکەن.
سەربەست لەزگین، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “تێپەڕبوونی 12 – 13 ساڵ بەسەر کۆنگرە، گۆڕانکاریی زۆر روویانداوە، چ لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەمنی و سەربازی ئاڵوگۆڕێکی زۆر روویانداوە، ئەو ماوە درێژەش خۆی دەبێتە دەرفەتێک بۆئەوەی ژمارەیەک کادری گەنج بێنە پێشەوە.”
بە بڕوای ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی، ئەو کۆنگرەیە کۆنگرەیەکی “گرنگ دەبێت، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، بۆ قۆناخی داهاتووش دەبێتە وێستگەیەک بۆ زیاتر بەهێزبوونی پارتی. قۆناخەکە هەستیارە، چاوەڕوان دەکرێت قۆناخی داهاتووش گۆڕانکاریی زیاتر رووبدەن، چونکە ئێمە نازانین دۆخی عێراق چی بەسەردێت، ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت بارودۆخی خۆی کۆنترۆڵ بکات و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو چارەسەری بچن؟ ئەوە بابەتێکە دیار نییە بە چ شێوەیەک دەبێت.”
سەربەست لەزگین، هەڵبژاردنی کوردستانیش بە رووداوێکی گرنگ دەبینێت و دەڵێت، “لە کوردستانیش هەڵبژاردن دواخراوە، ئەمەش رووداوێکی گرنگە و پێویستە دوای ئەو ماوەیەی تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە هەڵبژاردن بکرێت. لە عێراقیش پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، چونکە دۆخی عێراق سەقامگیر نییە.”
بە گوتەی سەربەست لەزگین، چەند ئاڵنگارییەک بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەن، “زۆر هێزی ناوخۆیی و هەرێمی هەن هەمیشە چاویان لەوەیە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و دژی کوردستان کار بکەن. هەموو ئەو ئەگەرانە دەبنە هۆکار کە ئەو کۆنگرەیە بکەوێتە کاتێکی گرنگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆئەوەی بە شێوەیەک بەرنامەیەک بۆ داهاتوو دابڕێژێت.”
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لەو باوەڕەدایە “رەنگە پێویست بکات گۆڕانکارییەکی زۆر لە پەیکەربەندیی حیزبەکە رووبدات، چونکە پەیکەربەندییەکی گەورەی حیزبیمان هەیە، مەکتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لق، ناوچە، رێکخراو و لیژنەکان و .. هتد، ئەو پەیکەربەندییە گەورەیە پێویستی بەوەیە وزەیەک بە تایبەتی لەڕووی ماددییەوە بۆ دابندرێت تاوەکو بتوانێت ئەو مەکینە گەورەیە کار بکات.”
سەربەست لەزگین دەشڵێت، “کەموکوڕییەکی زۆر لە سیستمی ئێمەدا هەیە، بەتایبەتی مووچە و ئیمتیازاتی کادیرەکان. پێویستە لەو کۆنگرەیە ئەو بابەتە باس بکرێت و چاکسازییەکی باش لەو سیستمەدا بکرێت، سیستمێکی وا بێت لە بەرژەوەندیی کادیرەکاندا بێت، ئەو کادیرەی کار بکات پێویستی بە دەستی کەسی دیکە نەبێت.”
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ناوبراو ئەوەی گوت، “لە کۆنگرەی رابردوو 51 ئەندام و 9 ئەندامی یەدەگ هەبوون، لەو باوەڕەدا نین گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردابێت، رەنگە هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە یان ببێتە 61، واتە 10 ئەندام زیاد بکرێت.”
لەبارەی ئەو لیستەشی کە بە لیستی سەرۆک بارزانی ناودەبرێت بۆ بەربژێرانی سەرکردایەتیی پارتی گوتی، “یەکەمجارە باسی لیست دەکرێت، لە کۆنگرەکانی پێشووتر هیچ جارێک لیست نەبووە، راستییەکەی پارتی خاوەن سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە، ئێمە ژمارەیەکی زۆری کادیری باش و بەتوانا و لێهاتوومان هەیە. ئێمە وەکو حیزبی دیکە نین قەیرانی سەرکردەمان هەبێت یان قەیرانی کادیری سەرکردەمان هەبێت. جیا لەو لیستەش هەموو ئەندامانی کۆنگرەش مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بەربژێر بکەن.”