پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی 14، گۆڕانکاری لە پەیڕە و پڕۆگرام دەکات و چەند پێشنیارێکیش بۆ گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانی پارتی خراونەتەڕوو.
عەلی تەتەر، ئەندامی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، ماوەی 12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەبەستووە، لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری زۆر لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان روویانداوە، بۆیە پێویستە پارتی گۆڕانکاری لە زۆرشدا بکات.
گوتیشی: “هەندێک لە بەندەکانی پەیڕە و پڕۆگرامی پارتی دەگۆڕدرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی باشتر خۆمان لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێنین، خۆم یەکێک بووم لەو حەفت ئەندامەی چەند ساڵێکە کارمان لەسەر گۆڕانکارییەکانی پەیڕە و پڕۆگرام کردووە، ئەو گۆڕانکاریانەی کراون بە راوێژ بووە لەگەڵ رێکخستنەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی پەیڕە و پڕۆگرام بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەو قۆناغە”.
سەبارەت بە هێنانە پێشەوەی گەنجان لەم کۆنگرەیەی پارتیدا عەلی تەتەر گوتی: “نوێنەرانی کۆنگرە بە گڕوتینەوە باس لە گۆڕانکارییەکان دەکەن و دەیانەوێت پارتی سەرکردایەتییەکی بەهێزتر و گەنجتری هەبێت، بەڵام ئەوە بە مانای کەسانی بە ئەزموون نییە، بەڵکو تێکەڵککێشانی هێزی کەسانی بە ئەزموون و توانای گەنجانە، هەروەها دڵنیام رێژەیەکی بەرچاوی ئافرەتان لە کۆنگرە دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی”.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەکرد، پێشنیاری زۆر لەوبارەوە کراون و کۆنگرە یەکلایی دەکاتەوە.
دەنگۆی ئەوەش هەیە بارەگای بارزانی بکرێتە ناوەندێکی گەورە، عەلی تەتەر دەڵێت: “بارەگای بارزانی دەزگایەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و تەنیا موڵکی پارتی نییە، بۆیە دەکرێت خەڵکی دیکەش لەوێ کار بکەن پارتیش نەبن”.
ئەمڕۆ 3/11/2022، کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە و هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە جێگرانی سەرۆک بارزانی هەڵبژێردرانەوە.