ئاماژەكانی خۆڕێكخستنەوە

هاودەنگ فاروق

پارتی بەمەبەستی خۆڕێكخستنەوە و دانانی بەرنامەیەكی ورد بۆ قۆناغی هەوڵدان و ڕوشدی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماتی و گەشەی كۆمەڵایەتی، كۆنگرەی خۆی لە هەلومەرجێكی هەستیاری سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەكەدا دەبەستێت. بەتایبەتی كە هەلومەرجی ئێستای ناوچەكە، كۆمەڵێك ڕووداوی چاوەڕوانكراو و چاوەڕواننەكراو و زۆر هەستیاری لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.
كۆنگرە لە هەلومەرجی گواستنەوە بەرەو گەشە و بەهێزبوونی باسكی پارتی دەبەسترێت. بۆیە زۆر گرنگە كە پارتی وەك بزاڤێكی زلهێز و هێزێكی یەكلاكەرەوە لە كوردستان ماوەتەوە و دەبێ بشمێنێتەوە. ئەوە لای ئەندامانی كۆنگرە ڕوون بێت كە لە ڕوانگەی حزبەكەیانەوە تەواوی جوگرافیای كوردستان یەكەیەكی نەگۆڕە و جوگرافیای جووڵەی ئەوە، بۆیە داكۆكیكردن لە مافەكانی كورد و قەوارەی كوردستان، ئەركی پلە یەكی هەر ئەندامێكی پارتی دەبێ.
دەبێ ئێمەی پارتییەكان دوای كۆنگرە، وەك وەسی و خاوەندارێكی هەمیشەیی سەیری كۆی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا بكەین، هەروەك ڕێككردنەوەی ناتەواوییەكان و ئەندازەگیریكردنەوە بۆ پرۆسەی حكومڕانی لە كوردستان، دەبێتە ئەركی پارتی.
هەر وەك چۆن لەو ساڵانەی ڕابردوودا پارتی بە كردەوە ئەوەی سەلماندووە، بەڵام ئەمجارە ئەركی سەرشانی قورستر و بەرپرسیارەتییەكانی هەستیارتر دەبن.
دەمەوێت بڵێم: ئەوە پارتییە دوای كۆنگرە، دیزاینی ئەدگارەكانی مێژووی ئەم قۆناغەی كورد دەكات.
لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و حوكمڕانیشەوە، نەخشەی ئایندە دەكێشێت، هەر هەنگاو و بڕیارێكی كۆنگرە نەخشی دەبێت لەسەر چارەنووس و ئایندەی كورد.
هەروەها بۆ عێراقیش، بەحوكمی ئەوەی پارتی یەكەم هێزی كوردستان و نوێنەری سەرەكیی كێشەی كوردە، بڕیارەكانی كۆنگرە دەبێتە نەخشەڕێگای مامەڵەی بەغدا لەگەڵ كوردا. ئەوەش درووشم نییە، بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەكانی ئەو پێنج شەش ساڵەی ڕابردوو، كە لە هەر شوێنێك ویستوویانە لە كورد بدەن، بە كردەوە و بە درووشم پەلاماری پارتییان داوە وەكوو خاوەنی دۆزی كورد و لەهەر جێیەكیش ویستوویانە لەگەڵ كورد ڕێك بكەون، هەر ڕوویان لە پارتی كردووەتەوە؛ بۆیە پێویستە بەو رۆحیەتەوە سەیری كۆنگرە بكرێت كە تونێلەكانی بڕیار لە كوردستان و عێراق ڕوون دەكاتەوە. ئیدی لایەنە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، دەزانن قیبلەنمای سیاسەتی كوردی بەرەو كوێیە و لەو سۆنگەیەشەوە، دیسپلینی جووڵەكانیان بەرامبەر كورد و هەرێمی كوردستان دەكەن.

ھەواڵی زیاتر