چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هۆكار و چاره‌سه‌ر دەربارەی کێشەی فتق

د. زانا تەحسین حسین بۆرد لە نەشتەرگەری کۆئەندامی هەرس و جگەر و پەنکریاس ڕوونی دەكاتەوە كە فتق، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشییه‌ بڵاوه‌كانی له‌شی مرۆڤ. ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی به‌شێك له‌ ریخۆڵه‌ یان په‌رده‌چه‌وری ناو سكیان و چه‌وری ئاسایی سك بۆ ده‌ره‌وه‌ی دیواری سك ده‌رده‌په‌ڕێت، ئه‌م ده‌رپه‌ڕینه‌ له‌ڕێگه‌ی رێڕه‌وی ئاساییه‌وه‌ ده‌بێت كاتێك ده‌رگای رێڕه‌وه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت، له‌ باری ئاساییدا ده‌بێت رێڕه‌وه‌كان وا دابخرێن كه‌ رێگه‌ له‌ ده‌رپه‌ڕینی ئۆرگانه‌كانی ناوسك بگرن، به‌ڵام هه‌ندێكجار رێڕه‌وه‌كان وه‌ك پێویست داناخرێن و ده‌رفه‌ت بۆ ده‌رپه‌ڕینی ئۆرگانه‌كانی ناوسك ده‌ڕه‌خسێنن.

لە بارەی نیشانه‌كانی فتق د. زانا تەحسین لە سێ خاڵدا دەیانخاتە ڕوو: 

1- زۆربه‌ی كات فتق وه‌ك هه‌ڵئاوسانێك له‌ بن راندا یان له‌ ده‌وری ناوك، یان له‌ شوێنی برینی كۆنی نه‌شته‌رگه‌ریدا ده‌رده‌كه‌وێت. له‌كاتی وه‌ستان و رۆیشتن و وه‌رزش و كاردا هه‌ڵئاوسانه‌كه‌ زیاد ده‌كات، له‌كاتی پشوودان و راكشاندا هه‌ڵئاوسانه‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌و نامێنێت، هه‌ندێكجار نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ده‌ست فشار ده‌خاته‌سه‌ر فتقه‌كه‌و ده‌یباته‌وه‌ ناوه‌وه‌، هه‌ندێك جاری تریش فتقه‌كه‌ به‌ فشاری ده‌ستی نه‌خۆش و پزیشك ناچێته‌ ناوه‌وه‌.

2- جاری واهه‌یه‌ له‌ شوێنی فتقدا نه‌خۆش هه‌ست به‌ ئازارێكی سوك ده‌كات، له‌كاتی كۆكه‌و كارو له‌ ته‌والێت و قورسایی به‌رزكردنه‌وه‌دا نه‌خۆشه‌كه‌ زۆرتر هه‌ست به‌ ئازار ده‌كات.

3- یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌كانی فتق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فتقه‌كه‌ بگیرێت و ئۆرگانه‌ ده‌رپه‌ڕیوه‌كه‌ بۆ ناوسك نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ نه‌خۆشی ریخۆڵه‌ گیران دروستده‌كات كه‌ نه‌خۆشییه‌كی گه‌وره‌و مه‌ترسیداره‌و نه‌خۆش دووچاری سك ئێشه‌و سك ئاوسان و رشانه‌وه‌و قه‌بزی ده‌بێت، نه‌خۆشه‌كه‌ ئاو و كانزای له‌شی كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و به‌زه‌حمه‌ت هه‌ناسه‌ی بۆ ده‌درێت، ئه‌گه‌ر زوو نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ریخۆڵه‌گیران نه‌كرێت مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دروست ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ریخۆڵه‌گیران چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و درێژە بكێشێت، ورده‌ورده‌ هاتوچۆی خوێن بۆ ئۆرگانه‌ ده‌رپه‌ڕیوه‌كه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و دووچاری كه‌مخوێنی و میزگیران ده‌بێته‌وه‌ و نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ مردن نزیك ده‌بێته‌وه‌.

هۆكاره‌كانی دروستبوونی نه‌خۆشی فتق چین؟

د. زانا تەحسین حسێن به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی دوو هۆكار فتق دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش:

1- لاوازبوونی دیواری سک و گه‌وره‌بوونی ده‌رگای رێڕه‌وه‌ سروشتییه‌كانی له‌شی مرۆڤ، زگماكی بێت یان به‌هۆی نه‌خۆشی دوای له‌دایكبوون و قه‌ڵه‌وی بێت.

2- زیادبوونی فشاری ناوسكی نه‌خۆش وه‌ك كۆكه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دانه‌وه‌، قه‌بزی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌رسكردنه‌وه‌، میزگیران و ب زه‌حمه‌ت میزكردن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی میزو میزه‌ڕۆوه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی له‌كاتی وه‌رزش و كاری سه‌ختدا. هه‌مووی ده‌بێته‌ هۆكاری به‌رزكردنه‌وه‌ی فشاری ناوسك، فشاره‌ به‌رزه‌كه‌ پاڵ به‌ ئۆرگانه‌كانی ناوسكه‌وه‌ ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شوێنه‌ لاوازه‌كانی دیواری سكه‌وه‌ ده‌رپه‌ڕن و بچنه‌ ده‌ره‌وه‌و فتق دروستبكه‌ن.

جۆره‌كانی فتق:

ئه‌و فتقانه‌ی له‌ بن راندا دروست ده‌بن، ئه‌ویش چه‌ند جۆرێكن:

1- فتقی بن ران، ئه‌مجۆره‌ فتقانه‌ له‌ پیاودا زۆرتره‌ تا له‌ ژناندا. هه‌روه‌ها ئه‌مجۆره‌ فتقه‌ زۆرترین جۆره‌كانی فتقی له‌شی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه‌.

2- فتقی ناوك، ئه‌مجۆره‌ فتقه‌ زۆربه‌ی كات له‌ منداڵدا دروست ده‌بێت.

3- فتقی ده‌وروبه‌ری ناوك، ئه‌م جۆره‌ فتقه‌ به‌ زۆری له‌ ژناندا دروست ده‌بێت.

4- فتقی نه‌سته‌رگه‌ری، ئه‌م جۆره‌ فتقانه‌ له‌دوای كاری نه‌شته‌رگه‌ری بۆ نه‌خۆشی تر دروست ده‌بێت.

5- فتقی ناوسك، ئه‌وجۆره‌ فتقه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ ئۆرگانه‌كانی ناوسكی نه‌خۆش ده‌خزێته‌ ناو سنگی نه‌خۆشه‌كه‌ و دووچاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و گرفتی تری ده‌كات.

چاره‌سه‌ری کێشەی فتق:

ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌ نه‌شته‌رگه‌ری نه‌بێت هیچ چاره‌سه‌رێكی تری نیه‌.