رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە داڕمانی گەشەی دەرفەتی کاری جیهان لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ دەدات، هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی قەیرانەکانی جیهان بەهۆی دەرهاویشتەکانی جەنگ دەگەڕێنێتەوە.
ئەو رێکخراوە لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو ئاراستەیەی ئێستا جیهان پێیدا تێپەڕدەبێت، بازاڕی کاری نوێ لە جیهان بەشێوەیەکی گەورە لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵ داڕمان دەبێت. بۆیە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەیە تاوەکو ئەو داڕمانی ساڵی داهاتوو سنووردار بکەن.
ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەداوە، کاتژمێرەکانی کارکردن لە دەستپێکی ئەمساڵەوە لەسەرتاسەری جیهان باشبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت لە نێو ئافرەتان و ئەو کارانە پێویستییان بە کارامەیی زۆر هەیە.
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی روونی دەکاتەوە، بە گوێرەی ئەو داتا نوێیانەی بەردەستن، سستبوونەوەیەکی گەورە لە بازاڕی کار لە جیهان بەدی دەکەن. ئەوەش هاوتایە لەگەڵ قەیرانی وزە و ئاسایشی خۆراک و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و توندکردنی سیاسەتی نەختیەنەیی، هەروەها مەترسییەکان لە داکەوتنی ئابووری جیهان.