ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتی عەرەبی هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئیدانه‌ ده‌كه‌ن

ھەریەک لە شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت ئەو کردە تیرۆریستییەیان ئیدانە کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرەوڕووی بوویەوە.

نووسینگەی رایگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەریەک لە شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ مستەفا کازمی ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، ئەو کردە تیرۆریستییەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرەوڕووی بوویەوە، ئیدانەکراوە، ھەروەھا سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و گەلەکەی دووپات کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە ئەنجامدانی چاکسازیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگای سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ھێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر