ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، نۆ ملیۆن عێراقی بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن و ژمارەی بێکاریش لە وڵاتەکە گەیشتووەتە چوار ملیۆن کەس.
حازم ردینی، جێگری سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ له عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی پێشبینی نەکراو، ئاماژەی بەوەشدا رێژەکە نزیکەی سەدا 25ـی دانیشتووانی وڵات پێکدەهێنێت. کە نزیکەی نۆ ملیۆن کەس لە کۆی 40 ملیۆنی دانیشتووانی وڵاتەکە بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن.
جێگری سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی ئاماژەی بەوەشداوە، رێژەی بێکاری لە عێراق بۆ سەدا 14 بەرزبووهتەوە، واتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە دانیشتووانی عێراق بێکارن.
ناوەندەکە هۆکاری بەرزی رێژەی بێکاری بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێنێتەوە، هەروەها هەڵگرتنی پاڵپشتی لەسەر کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بەشێوەیەکی گەورە پشتبەستن بە هاوردە.
ناوەندەکە داوا لە حکومەتی نوێی عێراق دەکات، چارەسەری راستەقینە بدۆزێتەوە وەک بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دابینکردنی پاڵپشتی بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی. سەرەڕای ئەوەش بڕ و کوالێتی کاڵاکانی پسوولەی خۆراک باش بکات و بەرزیان بکاتەوە.