پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە رێوڕەسمێكدا پەردە لەسەر پەیكەری كەسایەتییەكی كورد لا درا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بە ئامادەبوونی (سیداد بارزانی) نوێنەری سەرۆك بارزانی و بە بەشداری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و دامودەزگا حكوومی و حزبیەكان، لە پێچەكانی رواندز پەردە لەسەر پەیكەری كەسایەتی و تێكۆشەری دەڤەری ڕواندوز عەبدولوەهاب رواندزی (وەهاب ئاغا) لا درا.

هەر لە یادی پەنجا ساڵەی كۆچی دوایی عەبدولوەهاب رواندزیدا، لە هۆڵی رۆشنبیری رواندز رێوڕەسمێك بەڕێوە چوو كە پێكهات بوو لە وێنە ئەرشیفكراوەكانی سەردەمی شۆڕش و تێیدا وێنەكانی (وەهاب ئاغا) نمایش كران.
سیداد بارزانی وتاری سەرۆك بارزانیی خوێندەوە و قارەمانیەتیی تێكۆشەرانی وەك عەبدولوەهاب رواندزیی بەرز نرخاند لە پشتەڤانیكردن لە شۆڕشەكانی كورد و بە تایبەت شۆڕشی بارزان.
لە وتارەکەی سەرۆك بارزانیدا ئاماژە بەوە درا كە “وەهاب ئاغا لە شۆڕشی ئەیلوولدا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، لە ساڵی 1963 تا ئەوكاتەی كۆچی دوایی كرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش بووە؛ وەهاب ئاغا جگە لەوەی رۆڵی گرنگی لە شۆڕشەكاندا بینیوە، حەزی لە هونەر و كولتوور و خوێندنەوە بووە و كوردێكی ئازادیخواز و بوێر و لەخۆبوردو بووە”.
هەر لەو میانەدا، كەسایەتیی سیاسی (ئازاد جوندیانی) كوڕی عەبدولوەهاب رواندزی لە وتارێكدا درێژەدان بە كاروانی خەباتی نەتەوەیی و حزبی خۆی دووپات كردەوە و سوپاسی بەشدارانی مەراسیمەكەی كرد.
ئازاد جوندیانی، گوتیشی: “دوای دابڕانم لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 1975ـەوە تا شوباتی 2017، ئەمڕۆ 29/10/2022 راستەوخۆ لە بەردەم كامێراكانی میدیاكاندا، داواكاری پێشكەش بە جەنابی سەرۆک بارزانی دەكەم جارێكی دیكە سەرلەنوێ رەزامەندی بفەرمێت بۆ ئەوەی شەرەفی ئەندامیەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانم پێ بەخشێت”.