وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ئهمڕۆ (دووشهممه 31ـی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022) راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: له کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، تاووتوێی زیادکردنى کورسى خوێندنى پارالێل لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی كرا، بڕیاردرا لە رێگەى لێژنەیەکى تایبەتمەند لەو زانکۆیانەى کۆلێژى پزیشکییان هەیە، ئەم بابەتە دیراسهبکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجوومەنى وەزارەت بەرزبكرێتهوه.
خاڵى دووەمى بەرنامەى کارى کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە یەکخستن و رێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لەسەرجەم زانکۆکاندا دەکەن.
وهزارهتی خوێندنی باڵا ئهوهشی روونكردووهتهوه، پاڵپشت بە دیدگا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت، کە لە ساڵی خوێندنی (2025-2026)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لەقۆناغی دوانزەی ئامادەیی، وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستهمی وەرگرتن هەژماردەکرێت.
لهبارهی سیستهمی ناوهندی وهرگرتنی خوێندكاران، ئهنجوومهنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دووپاتیكردهوه، كه کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە رێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی، بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، کە تێیدا رەچاوی خولیا، ئارەزوو، توانای داهێنان، بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچووانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education).
خاڵێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا، تاوتوێكردنی کۆنفرانسى زانستى تەکنیکى و پیشەیى (TVET) لە هەرێمی کوردستان بوو، کە بڕیارە لە کۆتایى مانگى داهاتوو لەشارى هەولێر ئەنجامبدرێت، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتیکردەوە، کە ستراتیژیەتى کارکردنى وەزارەت لەم کابینەیەدا دابینکردن و پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان.
ئهنجوومهنی وهزارهتی خوێندنی باڵا، له كۆبوونهوهكهیدا ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى لهبارەى دۆخى زمانى کوردى لە ناوەندە پەروەردەیى و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەندکرد، بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان راسپێردران بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە.