سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سلێمانی، دووسەد ساڵە دامەزراوە و هێشتایش كار دەكا

مەزهەر كەریم ـ سلێمانی

گەرماوی موفتی لە گەڕەكی سابوونكەرانی شاری سلێمانی ماوەی دووسەد ساڵە دروست كراوە وەك یەكەم گەرماو لە دوای دروستبوونی میرنشینی بابان دروست كراوە ئێستاش لەكاركردن نەوەستاوە و ڕۆژانە خەڵكی بۆ خۆششتن سەردانی دەكەن.

بەهۆی ئەوەی گەرماوەكە ئێستاکە لەیەك كاتدا كاردەكات ئەو كەسانەی دەچنە گەرماوەكە ڕۆژانە ژنانن؛ بەشێكیش لەو ژنانە تەمەنیان هەڵكشاوە وەك چارەسەری تەندروستی لە گەڕەكەكانی شار و قەزا و ناحیەكانەوە سەردانی گەرماوەكە دەكەن؛ یادگاریان هەیە لەگەڵ گەرماوەكەدا.
شیرین عوسمان ژنێكی تەمەن 75 ساڵانە بۆ خۆشتن هاتبووە گەرماوەكە بۆ “هەولێر” دەڵێت “بەردەوام دێمە ئەم شوێنە خۆم دەشۆم؛ هەرگیز ئەو ڕۆژانەم بیر ناچێتەوە، كە لەگەڵ دایك ‌و پوورمدا دەهاتین بۆ ئەم گەرماوە؛ ئێستا دایك ‌و پوورم نەماون، بەڵام گەرماوەكە ماوە‌ و بۆتە سەبوری بۆم تا لە شاری سلێمانی بم سەردانی دەكەم‌ و دەچم”.
شیرین بەردەوام بو لە قسەكان وتیشی “بۆ یەكەم جار دایكم دەستی گرتم‌ و هێنامی بۆ ئەم گەرماوە، كە ئەو دەیگێڕایەوە بۆم داپیرەشم چەندین چار لە وەرزەكانی ساڵدا هاتۆتە ئەم گەرماوە بەتایبەت وەرزی سەرما، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین هاوڕێ ‌و هاوتەمەنی خۆمم لەم گەرماوەدا ناسیوە و، ڕۆژانێك پێكەوە وەک خوشك چەندین ڕاز و نیازی ئەو ڕۆژانەمان دەگێڕایەوە، ئێستا ژمارەیەكیان لە ژیاندا نەماون؛ هەندێكیشیان تەمەنیان هەڵكشاوە تەنیا هەواڵیان دەزانم”.
خاوەنی ئێستای گەرماوەكە ئاشكرای دەكات ماوەی سیوپێنج ساڵە لەو گەرماوە كار دەكات نایەوێت دەستبەرداری كارەكەی بێت ئەو پێی وایە بەشێكە لە ژیانی ئەو گەرماوەكەی زۆر خۆش دەوێت.
ئامینە محەمەد خاوەنی گەرماوەكە بۆ “هەولێر” دەڵێت “لە ساڵی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو هاوسەركەم ئەم گەرماوەی بە سەرقفڵی وەرگرتووە بە هەشتهەزار دیناری سویسری ڕۆژانە لە دوو كاتی جیاوازدا پیاوان ‌و ژنان دەهاتن خۆیان دەشوشت، بەڵام ئێستا هاوسەرەكەم نەماوە تایبەتم كردووە بە ژنان؛ زۆرینەی ئەو ژنانەشی دێن ‌و سەردانی گەرماوەكە دەكەن تەمەنیان لە سەروو پەنجا ساڵەوەیە بەشێكیان پزیشك بۆی داناون ژمارەیەكیشیان بیرەوەرییان لەگەڵ مێژووی گەرماوەكەدا هەیە”.
ئامینە دەشڵێت “ڕۆژانە خەڵكێكانێك لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەوە دێنەوە سلێمانی لە پیاوان‌ و ژنان سەردانی گەرماوەكە دەكەن‌ و مۆڵەت وەردەگرن بچنە ژوورەوەو، بەڵام ئێمە بەهۆی ئەوەی گەرماوەكەمان تایبەت كردووە بە ژنان رێگە بە پیاوان نادەین، بەڵام ژنان دەچنە ژوورەوە و زۆر كات یادگاری خۆیان دەگێڕنەوە‌ و دوای چەند خولەكێك چەند وێنەیەك دەگرن ‌و دەڕۆنەوە، هەشیانە دەڵێت دەچم خۆم دەشۆم چەندین ساڵە بەتامەزرۆی بینینەوەی ئەم جێگەیەم”.
ئەوەشی وت “چەندین خەڵكی بیانی هاتوونەتە گەرماوەكە، وەك شوێنێكی شوێنەواری سەیریان كردووە، لە ساڵانی زۆر كۆندا دەیان ژنە بەرپرسی شاری سلێمانی هاتوونەتە گەرماوەكە و خۆیان شوشتووە؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین فیلم‌ و كلیپی گۆرانی لە بەشە جیاجیاكانی گەرماوەكە تۆمار كراوە”.
دەربارەی مێژووی گەرماوەكەوە شوێنەوارناسێكی كورد خزمەتنەكردنی گەرماوی موفتی بە كارێكی خراپ باس دەكات لەلایەن حكوومەتەوە بە زیانێكی نەتەوەیی دەیدا لەقەڵەم؛ باسی مێژوو و شێوازی دروستكردنەكەی دەكات و، بە گرنگ وەسفی دەكات.
شوێنەوارناس عەبدولڕەقیب یوسف وتی: “گەرماوی موفتی لە گەڕەكی سابوونەكەرانی شاری سلێمانی لەسەر ڕووبەری 750 مەتر دووجا لە ساڵی 1788 دروست كراوە، كە پێك هاتووە لە دوو ڕاڕەوی گەورە دوو جێگەی شێلان ‌و خۆگۆڕین‌ و خۆوشكرنەوە‌ و بیست ژووری خۆشۆردن‌ و بەشی پشتەوەی ژوورەكان تایبەت كراوە بە كوورەی ئاوکوڵاندن و توون‌ و ئاگردان، كە سەرجەمی دیوار و سەقفی گەرماوەكە بە خشت چنراوە”.
وتیشی: “بەدەر لە گەرماوی موفتی كە بە كۆنترین گەرماوی سلێمانی هەژمار دەكرێت و خەڵكی سەردانی دەكەن؛ ئێستاکە لە شاری سلێمانی تەنها دوو گەرماوی مێژوویی لە شارەكەدا ماون؛ گەرماوی شێخ مارف لە بەردەم بەلەدیەكە و گەرماوی سوورەت لەژێر پردەكەی شاری سلێمانیدا؛ پێویستە لایەنی حكومی لە سلێمانی ئاوڕی لێ بداتەوە‌ و نۆژەن بكرێتەوە”.