نرخی زێڕ بەرزبووەوە

رۆژی دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە شەپۆلی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دابەزی.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 31-10-2022، نرخی نەوتی برێنت 36 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێك بە 95 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت دابەزی و بە 87 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە و تەشەنەکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەلایەن ئەو وڵاتەوە.

ستێڤن ئێنەس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای (ئێس پی ئای مەنەیجمێنت) رایگەیاند، “سیاسەتی حکومەتی چین بۆ نەهێشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخستنی بەشێک لە گەڕەک و شوێنە بازرگانییەکانە لە شارەکانی ئەو وڵاتەی بەدواوە دێت، ئەوەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.”

نرخی زێڕ بەرزبووەوە

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.16٪ بەرزبووەوە و بە 1647 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەو هۆیەیە کە پێشبینی دەکرێت بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی دۆلار.

بەپێی شرۆڤەکاران، نرخی زێڕ بەرەو 1650 دۆلار دەڕوات و دەتوانێت پارێزگاری لە ئەو ئاستەی خۆی بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە لەم هەفتەیەدا رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە رابگیێندرێت و پێشبینی دەکرێت کە پێش راگەیاندنی سوودی بانکی بازاڕی زێڕ ناجێگیر بێت.

بەپێی شرۆڤەکاران، بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75 ٪ی دیکە بەرزدەکاتەوە.

بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەو رێژەیە زیاتر لە مانگێکە پێشبینیکراوە لەبەرئەوەش ئەگەر زیاتر لەو رێژەیە سوودی بانکی بەرزنەکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.

ھەواڵی زیاتر