له‌ جووڵه‌جووڵی مناڵه‌كه‌ت نیگه‌ران مه‌به

شاخه‌وان عه‌لی حه‌مه‌د مامۆكی

منداڵ به‌ سروشتی خۆی تا ته‌مه‌نێكی دیاریكراو تا گه‌وره‌ ده‌بێ، جووڵه‌یه‌كی زۆری له‌ناخدایه‌ ڕه‌نگه‌ به‌بێ ویستی خۆی حه‌ز به‌ جووڵه‌ی به‌رده‌وام بكات و ده‌بێ ئه‌و حه‌زه‌ له‌لایه‌ن دایك و باكه‌وه‌ به‌تاڵ بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ كاتێ منداڵ هاری هاری ده‌كا، زۆر ده‌جووڵێ، ده‌ست بۆ هه‌موو شت ده‌با، شت ده‌شكێنێ و….هتد، له‌ دیدگای دایك و باوه‌وه‌ به‌كه‌سێكی سه‌ره‌ڕۆ ناوزه‌د ده‌كرێ تا ده‌گا به‌و ئاسته‌ كه‌ هه‌ندێ جار زاراه‌وه‌ی سه‌ره‌خۆره‌ی بۆ به‌كار بێنن، نه‌خاسمه‌ ئه‌و مناڵانه‌ ده‌ستبه‌زه‌ڕن و زوو زوو كه‌تن ده‌كه‌ن.
لێره‌دا به‌ندكردنی منداڵ شتێكه‌ كاریگه‌ریی خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی دروست ده‌كات وه‌ك زۆر ده‌بینین به‌شێ له‌دایبابان له‌ماڵه‌وه‌ یان له‌سه‌ردانیكردنی دۆست و خزمان، منداڵه‌كه‌یان توند به‌تۆیانه‌وه‌ ده‌نووسێنن، توند ده‌یانگرن كه‌ زاتی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن له‌جێی خۆیان بجوڵێن به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن سه‌یری دراما یان فیلمێكی دوو كاتژمێری بكه‌ن، ڕه‌چاوی باری كه‌سێتی و ده‌روونی و جه‌سته‌یی مناڵه‌كه‌یان ناكه‌ن كه‌ به‌ستنه‌وه‌، به‌ندكردن كه‌ رێگه‌ت پێی نه‌دا بێت و بڕواو بجووڵێ، ڕه‌نگه‌ گه‌شه‌ی هزری و ئه‌قڵیشی ڕوو له‌ كزی بكات و سه‌ره‌نجام ببێته‌ مناڵێكی خه‌مسارو بێ جوڵه‌ كه‌ له‌كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌توانێ هیچ شتێ پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵگاكه‌ی بكات.
زانایانی بواری منداڵشناسی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مناڵه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی شه‌ڕانگێزیش بوو نابێ به‌ری پێ بگیرێ مه‌گه‌رئه‌و كاتانه‌ نه‌بێ كه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆی و كه‌سی به‌رامبه‌ر، وه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌هه‌ڵبه‌زو دابه‌زدا بوو، نابێ سه‌ركۆنه‌ بكرێ به‌ سزادانی جه‌سته‌یی جا لێدان بێ یان جنێودان یاخود به‌ندكردن و گرتنه‌وه‌ی شته‌كان لێی.
مناڵ كاتێك په‌نا ده‌باته‌ به‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ ئه‌و حه‌زه‌ی له‌ناخی هه‌موو منداڵان هه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆڕێ و رێژه‌كه‌ جێگیر نییه‌، لێره‌دا ئه‌ركی دایك و باوكه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قۆناغه‌ بكه‌ن و له‌ئاست ناڕه‌حه‌تیه‌كان ئارامگر بن، له‌وه‌ تێ بگه‌ن هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن له‌ توانای خۆیان نیه‌، وزه‌یه‌كه‌ ده‌بێ خه‌رجی بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی په‌رچه‌كرداربن كه‌ له‌داهاتوو ئه‌و مناڵه‌ تووشی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو هات، ده‌بێ ئه‌وان باجه‌كه‌ی بده‌ن و زۆر جار ده‌وترێ: هه‌ر مناڵێ به‌ بچووكی شه‌ڕاشۆ بێ (سه‌ره‌ڕۆ و كێشه‌دار بێ به‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌م و له‌و بدات و به‌گژ ئه‌م و ئه‌ودا بێ) ئه‌وه‌ گه‌وره‌ بێ كه‌سێكی هێمن و ئارامی لێ ده‌رده‌چێ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌مان شت ڕاسته‌ كه‌ له‌ ڕووی لۆژیكه‌وه‌ ده‌كرێ بڵێین: مناڵ چه‌ند په‌روه‌رده‌ی په‌روه‌رده‌یی سه‌رده‌میانه‌و زانستیانه‌ بێ، له‌ گه‌وره‌ییدا ئه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ و زانستیانه‌ ڕه‌فتار ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌و هه‌ناسه‌ دایك و باوك له‌گه‌ڵی بڕۆن و په‌روه‌رده‌ی بكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر