به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له به‌رانبه‌ر باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی سۆماڵ له مەقادیشۆی پایته‌خت، لانی كه‌م 100 كه‌س كوژران و 300 كه‌سی تریش بریندار بوون.
دوو ئۆتۆمبێل له به‌رده‌م وه‌زاره‌ته‌كه ته‌قیونه‌ته‌وه و سه‌ره‌تا یه‌كێكیان ته‌قیوه‌ته‌وه، كاتێك شوێنه‌كه به‌هۆی فریاكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ یارمه‌تیدانی قوربانییان قه‌ره‌باڵغ بووه، ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌م رووی داوه.
حه‌سه‌ن شێخ مه‌حموود سه‌رۆك كۆماری سۆماڵ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م رای گه‌یاند، ژماره‌ی قوربانییان له‌وانه‌یه زۆر له‌وه زیاتر بێت كه راگه‌یه‌نراوه و گوتیشی له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بریندارهكاندان.
ئه‌و گرووپی توندئاژۆی ئیسلامیی شه‌بابی به هۆكاری ته‌قینه‌وه‌كان هه‌ژمار كردووه، به‌ڵام هێشتا هیچ رێكخراوێك به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ نه‌گرتووه.
به‌گوێره‌ی رادیۆ فه‌ردا، ئه‌و كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ بووه سه‌رۆك كۆمار، ئومێده‌واره كه وڵاته‌كه‌ی به‌سه‌ر تیرۆردا زاڵ بێت و بنبڕی بكات.
گرووپی تیرۆریستیی شه‌باب رووبه‌رێكی فراوان له خاكی سۆماڵی داگیر كردووه، هێرشه‌كه له كاتێكدا رووی داوه كه حكوومه‌ت خه‌ریكی گرتنه‌به‌ری هه‌ندێك رێكاره بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.
پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی هوتێلێكی ئه‌و وڵاته، بووه هۆی كوژرانی زیاتر له 500 كه‌س. شه‌باب له ساڵی 2006ه‌وه دامه‌زراوه و له ساڵی 2012 بوو به لقێكی قاعیده.
كه‌سێك به ناوی ئه‌حمه‌د عومه‌ر ناسراو به ئهبوعوبێده، وه‌ك رێبه‌ری گرووپه‌كه له ساڵی 2014ه‌وه ناوی ده‌هێنرێت. گرووپه‌كه جگه له سۆماڵ، له كینیا و ئهسیووپیایش چالاكی هه‌یه.